پزیشکیان: بۆ بەرگریکردن لەخۆمان مۆڵەت لە هیچ لایەنێک وەرناگرێت

مەودا میدیا-

سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکەگرتووەکان ئاشکرایکرد هەرگیز وڵاتەکەی دەستدرێژکار نەبووە و شەڕی دەستپێنەکردووە و هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە مێزی دانووستانەوە نیشانداوە، کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە جەنگ چارەسەر ناکرێت و تاران سازش لەسەر مافە زانستی و پیشەسازییەکانی خۆی ناکات.

مەسعود پزیشلیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند “ئەوان شەڕیان بەسەر تاراندا سەپاند، بەڵام سەلماندیان لە شەڕکردن ناترسن، سیستمی بەرگریی بە شێوازێک بنیاتدەنێنەوە کە کەس بە خەیاڵیدا نەیەت، بۆردومانکردنی شارەکانیشیان بەبێ وەڵام تێناپەڕێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کەسانێکی تیرۆریست بە ئێران دەڵێن تیرۆریست، لەکاتێکدا تاران تەنها بەرگریی لە خۆی دەکات، بەڵام ئەمەریکا و ئیسرائیل بە نوێترین تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانە، زانکۆ، پرد و شوێنە گشتییەکانیان، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئێران چەکی ئەتۆمی بە فاکتەری ئەمنیی بۆ وڵاتەکەی دانانێت، بەڵام دەستبەرداری مافی خۆی نابێت لە بەدەستهێنانی وزەی ئاشتیانە، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی مافی گەشەپێدانی تارانە و پێویستی پێیەتی بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، پیشەسازیی دەرمان، ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی کارەبای بەردەوام”.

باسی لەوەشکرد “ئیسرائیل هەر وڵات و شوێنێکی بوێت بۆردومانی دەکات و لە غەززەش زیاتر لە 80 هەزار کەسی بێتاوانی کوشتووە، هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئێران، ئیسماعیل هەنیەیان لە تاران تیرۆر کرد”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان