شەیدامەعروف
راگەیاندن لە سەردەمی ئێستادا تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی هەواڵ؛ بەڵکوو بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤ. هەواڵ، وتار، ڤیدیۆ و ناوەڕۆکی میدیایی دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بۆچوون و هەڵوێستی کۆمەڵگە هەبێت. لەبەر ئەمە، رۆڵی میدیا تەنها گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکوو بەشدارییە لە دروستکردنی گفتوگۆ و بۆچوونی گشتی.
میدیا دەتوانێت دەنگی ئەو کەسانە بێت کە دەنگیان بە ئاسانی ناگاتە دامەزراوەکان. کاتێک رۆژنامەنووسێک کێشەی ژن، منداڵ، کرێکار یان گرووپێکی کەمدەنگ دەخاتەڕوو، ئەوا تەنها هەواڵێک ناگوازێتەوە؛ بەڵکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم چاوی خەڵک.
بەڵام ئەم هێزەی میدیا بەرپرسیارێتییەکی گەورەشی لەگەڵ خۆیدا هەیە. هەواڵی نادروست، سەرچاوەی نادڵنیا یان پیشاندانی رووداوێک بەشێوەیەکی هەڵە دەتوانێت بۆچوونی خەڵک بگۆڕێت. بۆیە ئازادیی راگەیاندن دەبێت لەگەڵ راستگۆیی، وردبینی و بەرپرسیارێتیی پیشەیی هاوشان بێت.
رۆڵی ژن لە میدیا
ژنان لە میدیا تەنها وەرگر، خوێنەر و بینەرنین؛ بەڵکوو دەتوانن رۆژنامەنووس، راپۆرتەر، پێشکەشکار، وێنەگر، بەڕێوەبەر و دروستکەری ناوەڕۆک بن. بەشداریی ژنان لە بواری راگەیاندندا واتە بەشداریی نیوەی کۆمەڵگە لە دروستکردنی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی.
کاتێک ژن دەبێتە رۆژنامەنووس، تەنها ژمارەی کارمەندانی میدیا زیاد نابێت؛ بەڵکوو ئەزموون و روانگەیەکی تر دەچێتە ناو راگەیاندن. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنان، منداڵان، خێزان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە وردی و لە چەندین لاوە سەیر بکرێن.
بەڵام پرسیاری سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە چەند ژنێک لە میدیا کار دەکەن؟ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: چەند ژنێک دەرفەتی بڕیاردان و دیاریکردنی ئاراستەی ناوەڕۆکی میدیا هەیە؟ چونکە جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ئەوەی ژن تەنها لە میدیا کار بکات و ئەوەی دەنگ و بۆچوونی خۆی بتوانێت کاریگەریی لەسەر بڕیار و ناوەڕۆک هەبێت.
لە هەمان کاتدا، ژنانی رۆژنامەنووس لەگەڵ کێشە گشتییەکانی میدیا بەرەو روون، بەڵام هەندێک جار کێشەی تایبەتیشیان هەیە؛ وەک هەراسانکردن، فشار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جیاکاری لە شوێنی کار و هەندێک سنوورداریی کۆمەڵایەتی. بۆیە پاراستنی ژنانی کارمەندی میدیا و دابینکردنی ژینگەیەکی پیشەیی و سەلامەت، بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی راگەیاندن.
میدیا و دروستکردنی بۆچوونی گشتی
یەکێک لە گرنگترین رۆڵەکانی میدیا کاریگەرییە لەسەر بۆچوونی گشتی. ئەو بابەتەی میدیا هەڵیدەبژێرێت، ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنێت و ئەو لاوەی رووداوێکەوە پیشانی دەدات، هەموویان دەتوانن کاریگەریی لەسەر شێوازی تێگەیشتنی خوێنەر و بینەر هەبێت.
بۆیە رۆژنامەنووس تەنها نووسەرێکی هەواڵ نییە؛ بەڵکوو بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداریی لە دروستکردنی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە.
میدیا دەتوانێت (ئاوێنەی کۆمەڵگە) بێت، بەڵام دەتوانێت لە هەمان کاتدا ببێتە هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵگە، بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە میدیا چەند هێزدارە؛ بەڵکو ئەوەیە: ئەم هێزە بۆ روونکردنەوەی راستی بەکاردێت، یان بۆ درووستکردنی بۆچوونێک کە لەوانەیە لە راستی دوور بێت؟
ئەم پرسیارە بەرپرسیارێتیی رۆژنامەنووس و دامەزراوەکانی راگەیاندن دەخاتە بەردەممان، چونکە میدیای بەهێز تەنها ئەوە نییە کە زۆر هەواڵ بڵاوبکاتەوە؛ میدیای بەهێز ئەوەیە کە بە راستگۆیی، پیشەیی و بەرپرسیارێتی دەنگی کۆمەڵگە بگەیەنێت. میدیا دەتوانێت بەشێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی گرفتی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵام خۆی بە تەنیا چارەسەر نییە. رۆڵی میدیا زیاتر لەوەدایە کە کێشەکە دەربخات، خەڵک ئاگادار بکات، گفتوگۆ درەوستبکات و فشار بۆ دامەزراوە بەرپرسیارەکان درووستبکات بۆ نموونە، ئەگەر کێشەی توندوتیژیی دژی ژنان هەبێت، میدیا دەتوانێت دەنگی قوربانیان بگەیەنێت. هۆکار و رەهەندەکانی کێشەکە بخاتەڕوو، خەڵک هۆشیار بکاتەوە، گفتوگۆی کۆمەڵایەتی درووستبکات. دامەزراوەکان هانبدات بۆ وەرگرتنی هەنگاوی چارەسەر، بەڵام یاسا، دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، خێزان و کۆمەڵگە دەبێت هەریەکەیان رۆڵی خۆیان. بۆیە دەبێت پرسین «ئایا میدیا تەنها ئاوێنەی کێشەکانی کۆمەڵگەیە یان دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەری ئەو کێشانە».
بۆیە میدیای بەرپرسیار دەتوانێت دەستپێکی چارەسەر بێت، بەڵام چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان کارێکی هاوبەشی هەموو دامەزراوە و کۆمەڵگایە. میدیا دەتوانێت دەستپێکی ناساندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەنگاوی یەکەمی بەرەو چارەسەر بێت، کێشەی کۆمەڵایەتی کاتێک لەناو بێدەنگییەوە دێتە دەرەوە و دەچێتە سەر شاشە و پەڕەی رۆژنامە، ئەوا دەبێتە بابەتی گفتوگۆ؛ لێرەدا میدیا دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری. کەواتە لە دەستنیشانکردنی کێشەوە بۆ دەستپێکردنی چارەسەر، بۆیە میدیای سەربەخۆ دەتوانێت چەند رۆڵێکی سەرەکی هەبێت وەک چاودێریی دەسەڵات.
میدیای سەربەخۆ دەتوانێت پرسیار لە کار و بڕیارەکانی دەسەڵات و دامەزراوەکان بکات و کەموکوڕییەکان بخاتەڕوو. هەروەها دەتوانێت کێشەکانی هاوڵاتییان، ژنان، گەنجان و چینە کەمدەنگەکان بگەیەنێتە بەردەم بەرپرسان.
لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی نادرووست بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. میدیای سەربەخۆی پیشەیی دەتوانێت سەرچاوەکان بپشکنێت و زانیاریی پشتڕاستکراو بڵاوبکاتەوە. کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئەوەیە کە بتوانێت پرسیار بکات. میدیا دەتوانێت ئەم کولتوورە بەهێز بکات، بەڵام لە کوردستان پرسیارێکی گرنگ هەیە، ئایا میدیای سەربەخۆ بەڕاستی توانای ئەوەی هەیە بەبێ فشار و سنوورداری کاربکات؛ چونکە سەربەخۆیی تەنها بە ناوی دامەزراوەکە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە سەرچاوەی دارایی، ئازادی و ئاسایشی رۆژنامەنووس، شەفافیەت و توانای میدیا بۆ کارکردن بەبێ دەستێوەردانی سیاسی، میدیای سەربەخۆ لە کوردستان تەنها شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە؛ دەتوانێت ببێتە دەنگی کۆمەڵگە، چاودێریی دەسەڵات و دەستپێکی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام ئەمە کاتێک دەکرێت کە سەربەخۆیی لە ناوەڕۆکدا هەبێت، نەک تەنها لە ناوی میدیاکەدا.
ب. ب