ساڵیانەی ئۆتۆمبیل دەکرێت بە ئەلیکترۆنی

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێم ئاشکرایکرد پرۆسەی نوێی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەشێکە لە هەنگاوەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.

هێمن میران، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێم رایگەیاند “ئەمڕۆ پرۆسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تەنها لە بەشی بارهەڵگر دەستیپێکردووە و ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان لە رووی ئەمنی و کوالێتییەوە دیزاین کراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین لە قۆناخی جێبەجێکردندان، یەکێک لە ئامانجەکان بریتییە لە کاراکردنی پۆرتالی دیجیتاڵ”.

ئەوەشی خستەڕوو ” لەمەودوا خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل بەهێزتر دەبێت و رێگری لە هەر جۆرە ساختەکارییەک دەکرێت لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێلدا، هەر کەسێک ئۆتۆمبێل لە کەسێکی دیکە دەکڕێت، پابەند بێت بە گواستنەوەی خاوەنداریەتییەکە لە ماوەی 90 رۆژدا، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان