كارەكانی پرۆژەی رووناكی لە قەزای كفری دەستیپێكرد

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئاب، تیمەكانی پرۆژەی رووناكی لە قەزای كفری بە رەسمی دەستیان بە كارەكانیان كرد، بەڵام تا ئێستا پرۆژەكە لە گەرمیان بە تەواوی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئالان ئەركان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند” ئەمڕۆ لە قەزای كفری تیمەكانی پرۆژەی رووناكی دەستیان بە كارەكانیان كردووە و لە سەرەتاشدا ناوی بەشداربووان و ژمارەی پێوەرەكانیان تۆمار دەكەن بۆئەوەی ئامارێكی درووستیان لەبەردەستدا بێت”.

وتیشی” لە ئێستادا تەنها فۆرمێكی تایبەت بە بەشداربووانی كارەبا پڕدەكرێتەوە وەك قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی پرۆژەكە و دوای تەواوبوونی سەرجەم رێكارەكانی تریش، پرۆژەكە بە تەواوی دەستپێدەكات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”هەرچەندە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم پرۆژەكە لەسەدا سەد چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا لە گەرمیان بە تەواوی دەستیپێنەكردووە و دوای تەواوكردنی سەرجەم رێكارەكان لە ماوەی داهاتوودا بە تەواوی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان