مەودا میدیا-
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق ئاشکرایکرد دوای کشانەوەی هێزەکانیان هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ بوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نەماوەتەوە.
لیام هیولین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان رایگەیاند “عیراق بژاردەی دەوڵەتبوونی هەڵبژاردووە و پێشەنگی داوە بە پاراستنی سەروەریی خۆی بەسەر هەر دەستە و تاقمێک کە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵاتەکەی بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رۆژی رابردوو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی رێکخراو کشانەوەیان لە بنکەی سەربازیی هەولێر کۆتایی پێهێناوە، کە وەک دوایین بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان بوو لە عیراق”.
ئەوەشی خستەڕوو “پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا دەگوازرێتەوە بۆ رێککەوتنی دووقۆڵیی ئەمنی و ستراتیژیی، نابێت عیراق چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی بکات، پشتیوانی لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی میلیشیاکان”.
ب ح