مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد نرخێکی جێگیر بۆ دۆلار پێشنیاز کراوە و بڵاوکراوەتەوە بۆ ئەمەش بانکی ناوەندیی لە گفتوگۆکانی پەرلەمان بەشدار دەبێت کە دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت و بۆ پەسەندکردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ لیژنەی دارایی.
د.رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بەپەلە لەسەر سیستمی (ئەسیکۆدا) لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، تاوەکو کێشەی زیاتر بۆ پشکی هەرێم لە بودجەدا دروست نەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “گرێبەستەکان لە عیراقدا دەکرێنە هەمیشەیی، بەڵام هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەوە بەردەوامە کە ئایا گرێبەستەکان لە هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی تایبەتی هەرێمدا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت یان نا، سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش، رێژەی12،7٪دیاری کراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیرکراوە و هیچ گرفت و کێشەیەکی بۆ دروست نابێت، تەنها ئەوە ماوە کە حکومەتی هەرێم لیستی مووچە رەوانە بکات تاوەکو بەغدا پارەکە بنێردرێت و لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی عیراقدا دابەش بکرێت”.
ب ح