مهودا میدیا-
ئیسڕائیل هەفتەی داهاتوو بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە دەکەن کە ئەنجامەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانی بەرانبەر ئێران و فەلەستینییەکان ناکەن، کۆدەنگییەکی بەرفراوان لەناو دامەزراوەی سیاسیی و ئەمنیی ئیسرائیلدا هەیە بۆ بەردەوامبوون لە پشتبەستن بە هێزی سەربازیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان.
بەگوێرەی شیکارییەک کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسان و شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران لە پێشەنگی ئەولەویەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە، جا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەسەڵات بپارێزێت یان ئۆپۆزسیۆن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت.
شیکارییەکە ئەوە دەردەخات کە جیاوازی نێوان هێزە سیاسییەکانی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە رادەی پەرەسەندنی سەربازیی و داهاتووی نیشتەجێبوونەکان لە کەناری رۆژئاوا و تا چەند دیپلۆماسی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکەدا.
شرۆڤەکاران پێیان وایە بەردەوامی دەسەڵاتی نەتانیاهۆ بە پاڵپشتی هاوپەیمانە راستڕەوەکانی، دەتوانێت پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت بۆ ئەوەی سیاسەتی توندڕەوتر بەرانبەر ئێران بگرێتەبەر، هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی رۆژئاوا و کەمکردنەوەی ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسی.
ئەڤیڤ بوشینسکی، راوێژکاری پێشووی نەتانیاهۆ رایگەیاند “ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکان و شەڕکردن دژی ئێران، حەماس و حزبوڵڵا”.
ئاماژەی بەوەشکرد “رەنگە دوای هەڵبژاردنەکان سیاسەتەکانی ئێستا بەردەوام بن، رەنگە تەنانەت بە خێرایی چڕتریش بێت”.
بەگوێرەی شیکارییەکە، ستراتیژی ئەمنیی ئیسرائیل لەسەر لاوازکردنی ئێران و دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ راگرتنی نەیاران دامەزراوە.
بلۆکی لیکود بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێک دەکەن کە پارتی یەش عەتید سەرۆکایەتیی دەکات و گادی ئایزنکۆتی سەرۆکی پێشووی سەربازیی سەرۆکایەتیی دەکات.
بەڵام غەسان خەتیب شرۆڤەکاری فەلەستینی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی ئیسرائیل بەرانبەر بە فەلەستینییەکان رەتدەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بێتە سەر دەسەڵات.
بەپێی شیکارییەکان، حکومەتێکی بەدیل بۆ نەتانیاهۆ، رەنگە هەوڵی باشترکردنی وێنەی نێودەوڵەتی ئیسرائیل بدات بە سنووردارکردنی هەندێک توندوتیژیی دانیشتووان یان نەرمکردنی ئەو قسە و باسانەی کە لە دەوری فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکانن.
ع