فرۆشتنی پارچە شوێنەوارێكی گرانبەها پوچەڵكرایەوە

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی دەستپاكیی عیراق هەوڵێكی بۆ فرۆشتنی پارچەیەكی شوێنەواری دەگمەن بە بڕی 750 هەزار دۆلار لە پارێزگای نەینەوا پووچەڵ كردەوە، و فەرمانبەرێكی حكومی دەستگیر كرد كە پارچە شوێنەوارەكەی پێ بووە.

دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە “زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە چالاكیی باندێكی تایبەتمەند بە دزینی پارچە شوێنەوارییەكان و بازرگانیكردن پێیانەوە، كە بە نیازی فرۆشتنی پارچەكی دەگمەن بوون بە یەكێك لە بازرگانەكان بە بڕە پارەیەكی زۆر بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان”.

باسی لەوەش كردووە “تیمێكی لێكۆڵینەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەری، دەستیكردووە بە پرۆسەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و دانانی كەمینێكی پتەو، كە سەر ئەنجام بووە هۆی دەستگیركردنی یەكێك لە تۆمەتبارەكان، كە فەرمانبەرە لە كۆمپانیای گشتی بۆ كەرەستە كشتوكاڵییەكان لە لقی نەینەوا و پارچە شوێنەوارییەكەشی پێبووە”.

جەختی لەوەش كردووەتەوە “تۆمەتبارەكە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە لەگەڵ كەسانی تردا بەشداری كردووە لە پرۆسەی فرۆشتنی پارچە شوێنەوارەكاندا”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان