مەودا میدیا-
بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، گۆڕانكاریی فراوان لە دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكاندا دەكرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكوور، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان، كێڵگە نەوتییەكان و بەرپرسانی سەربازی و ئیداری دەركردووە.
گرنگترین خاڵەكانی بڕیارەكە بەم شێوەیەن:
1/ دەروازە سنوورییەكان و هەناردەكردنی نەوت:
وەرگرتنەوەی دەروازەكان، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق راسپێردراوە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە، هاوكات فەرماندەیی هێزەكانی سنوور سەرجەم دەروازە نافەرمییەكان دادەخات.
مەرجی هەناردەكردن، حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردراوە بە هیچ شێوەیەك رەزامەندی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان نەدات، مەگەر لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت.
2/ كێڵگە نەوتییەكان و رێكارە ئەمنییەكان:
كۆنترۆڵكردن و چاودێری، وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە راسپێردراون سەرجەم ئەو كێڵگە نەوتییانە بگرنەدەست و بە كامێرا چاودێرییان بكەن كە دەكەونە سنووری پارێزگاكانی (كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین) و لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان.
بازگە و رێگا لاوەكییەكان، وەزارەتی بەرگری سەرجەم رێگا خۆڵەكانی نێوان هەرێم و ئەو چوار پارێزگایە دادەخات، هەروەها لە بازگەكانی دەروازەی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) تاقیگەی پشكنین و گۆڕەپانی تایبەت بە بەشداری تیمەكانی وەزارەتی نەوت، پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانی دروست دەكرێن.
پاڵاوگە و كارگەكان، دەستەی دەستپاكی وردبینی لەو بڕە نەوتە دەكات كە دەدرێتە پاڵاوگەكانی (بازیان و كار)، هاوكات دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا سەرجەم كارگەكانی قیری ئۆكسێنراو و نەفتا لەو ناوچانە بگوازرێنەوە بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵ.
3/ گۆڕانكارییە ئیداری و سەربازییەكان:
لە چوارچێوەی بڕیارەكاندا ژمارەیەك بەرپرس لە پۆستەكانیان بەخشران یان بە شێوەی كاتی دوورخرانەوە، لەوانە:
بەخشینی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و فەرماندەی پۆلیسی كەركوك.
بەخشینی فەرماندەی لیوای یەكی پۆلیسی وزە، جێگرەكەی، بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەڕێوەبەری بازگەكانی لیواكە.
دوورخستنەوەی كاتیی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور و جێگرەكانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پیشەسازییە كانزاییەكان، هەروەها ئاراستەكردنی سزای سەرزەنشتكردن بۆ بەڕێوەبەرانی ئاسایش و هەواڵگریی نیشتمانی لە كەركوك.
4/ لێكۆڵینەوە و چاودێریی دیجیتاڵی:
سەرجەم دۆسیەكان، بەتایبەت گرێبەستەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور لەگەڵ كۆمپانیای (میحوەر ئەلفزی) و پرسی “پاسەوانە مەدەنییە وەهمییەكان”ی بۆرییە نەوتییەكان، رەوانەی دەستەی دەستپاكی و دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكرێن.
وەزارەتی نەوت راسپێردراوە پێوەری ئەلیكترۆنی لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە كاراكانی عیراق ببەستێت بۆ نوێكردنەوەی سیستمی چاودێری.
ئ پ