مەودا میدیا-
چالاکوانێکی سیاسیی سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان و بڕیارەکانی بەغدا ئاشکرایکرد هەندێک جار لێکچوواندنێک لەنێوان رادەستبوونی رۆژئاوا و دۆخی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام جیاوازییەک لە جەوهەری هۆکارەکاندا هەیە کە زۆر روونە.
گوڵاڵە سدیق، چالاکوانێکی سیاسیی و شارەزای دارایی و بانکی راگەیاند “لە رۆژئاوای کوردستان، کاتێک باسی سازش و رادەستبوون دەکرا، هۆشداریدانەکە لەسەر مەترسیی بوو لەسەر ژیانی گەلی کورد لەو ناوچەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وا دەخوێندرێتەوە کە فشار و هەڕەشەکان زیاتر لەسەر مانەوەی سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکان بووبن، نەک تەنها چارەنووسی خەڵک”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە نێو ئەم دیمەنە سیاسییەدا، هاتنی ئەمڕۆی بەرپرسانی پارتی بۆ سلێمانی وەک بەشێک لەو جموجۆڵ و لێکدانەوانە دەبینرێت کە ئەم بەرپرسانە لەماوەی 12 ساڵی پڕ لە قەیران و گرانی بازاڕ و کەم درامەتی خەڵک هەستیان بۆ هاتن بۆ سلێمانی نەجوڵا، بەڵام کاتێک مەترسی کەوتە سەر پەزەکان نە دووری رێگا وە نە ساردی پەیوەندییەکان و نە عینادی سیاسی نەبوو بە رێگر لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەرچەندە هەمیشە گفتوگۆ باشترە لە شەڕ، بەڵام خۆزگە ئەم هاتنە لە ساڵانی رابردوو بە ویستی خۆتان و لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک بوایە، نەک بە ناچاری و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی کەسی بوایە”.
ب ح