مەودا میدیا-
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد نیگەرانن لە داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی NRT لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویکردەوە “ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناوبانگی هەرێم جێدەهێڵێت و دەبێتەهۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و میدیایی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو سنوورە دەكەن دەرفەت بە هەردوو نوسینگەی NRT بدەن جارێكی تر ئازادانە كارە میدیاییەكانیان لەو دوو پارێزگایە جێبەجێ بكەن”.
دەقی راگەیەندراوەکەی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆی بەرامبەر داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی NRT لە هەولێر و دهۆك دەردەبڕێت.
بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی و بەبڕیارێكی ئەمنی و حزبی لەهەولێر و دهۆك نووسینگەكانی كەناڵی NRT دادەخرێن، ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت و روبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە، بەتایبەت كە تەنها چەند رۆژێكە وەزارەتی رۆشنبیریی سوپاسنامەی پێشكەش بەسەرجەم میدیاكانی كوردستان لەپای سەنگینیان لە روماڵی هەواڵ و رووداوەكانی رۆژئاڤای كوردستان كردووە، هەروەك دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیایی لە وڵاتەكەمان، بۆیە وەكو بۆردی راگەیاندنی یەكێتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێرو دهۆك دەكەین دەرفەت بە هەردوو نوسینگەی NRT بدەن كە جارێكی دیكە بتوانن ئازادانە كارە میدیاییەكانی خۆیان لەو دوو پارێزگایە جێبەجێ بكەن .
ب ح