یەشڵگیوز؛ هەڵکشانی سیاسی لەسەر حیسابی ناسنامەی کوردبوون

کەژاڵ نوری

لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتی هۆڵەندا و کۆمەڵگەی کوردییشدا، ناوی “دیلان یەشڵگیوز-زەغەرۆس” وەک یەکێک لە کاریگەرترین و سەرکەوتووترین کارەکتەرەکان دەهێنرێت. گەیشتنی کچە پەنابەرێکی کورد بە پێگەی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری، لە رواڵەتدا وەک چیرۆکێکی سەرکەوتنی پڕ لە شانازی دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و کارنامەی ئەم ژنە هەڵدەدەینەوە، راستییەکی تاڵ و جیاواز دەبینین. لەم نووسینەدا هەوڵدەدەم بە بەڵگەی پشتبەستبوو بەسەرچاوە هۆڵەندییەکان، بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن دیلان یەشڵگیوز لە پێناو گەیشتن بە لوتکە، نەک هەر پشتی لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی کرد، بەڵکو بووە بەشێکی کاریگەر لەو سیستمەی کە بڕیارەکانی زۆرجار بە زیانی قورس بۆ گەلی کورد و پەنابەران کەوتووەتەوە.
١- ژیاننامە و هەڵکشانی سیاسی: لە کەمپی پەنابەرییەوە بۆ سەرۆکی گەورەترین پارتی دەسەڵاتدار کە ماوەیەکی زۆر پێکهێنەری کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەت بووە و دواتر بۆ کۆمەڵێک وەزارەت و ئینجا لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتی بەرگری.
دیلان یەشڵگیوز لە ساڵی 1977 لە شاری ئەنقەرەی تورکیا لەدایکبووە. باوکی (یودجەل یەشڵگیوز) چالاکوانێکی سیاسیی چەپ و کورد بووە، کە بەهۆی فشاری سیاسیی دەوڵەتی تورکیاوە لە ساڵی 1984*بە ناچاری لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر روویان لە هۆڵەندا کردووە. دیلان لەناو کولتوور و زمانی هۆڵەندیدا گەورە بوو، بەڵام پێچەوانەی زۆرێک لە پەنابەرانی تر، ئەو بڕیاری دا بە تەواوی لەناو سیستمەکەدا بتوێتەوە (Assimilation) و پاشخانی خۆی بشارێتەوە.
لە ساڵی 2010 ، پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD) کرد، کە پارتێکی راستڕەوی موحافیزکارە و لە ساڵی 1948 دامەزراوە. ئەم پارتە بەوە ناسراوە کە هەمیشە داوای توندکردنی یاساکانی کۆچبەری دەکات. دیلان پلە بە پلە بەرزبووەوە:

  • لە ساڵی 2014 تا 2017 وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەمستەردام دەستیپێکرد.
  • لە ساڵی 2017 وەک ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا هەڵبژێردرا و لێرەوە دەستیکرد بە جێگیرکردنی پێگەی خۆی وەک “دەنگێکی توند” بەرانبەر بە کۆچبەران.
  • لە ساڵی 2021 بووە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری و کەشوهەوا.
  • لە سەرەتای ساڵی 2022 پۆستی هەستیاری وەزیری داد و ئاسایشی پێدرا.
  • لە تەمموزی 2023، دوای ئەوەی “مارک رووتە” وازی لە سەرکردایەتیی پارتەکە هێنا، دواتر بوو بە سەرۆکی (ناتۆ)، دیلان بوو بە یەکەم ژن لە مێژووی حزبەکەی خۆیدا، کە سەرۆکایەتیی پارتی VVD بگرێتە دەست. ئێستاش لە حکومەتی نوێدا وەک جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری بڕیارە لە 23 ی ئەم مانگە دەستبەکاربێت.
    ٢- عەفرین و تاقیکردنەوەی ویژدان: بێدەنگی لە ئاست هێرشەکانی تورکیا
    لەو ساتانەی کە کورد لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە دەنگێک بوو لە ناو پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپا، دیلان یەشڵگیوز کە دەنگێکی کارای ناو پەرلەمانی هۆڵەندا بوو، بێدەنگیی هەڵبژارد. لە دانیشتنە مێژووییەکەی پەرلەمانی هۆڵەندا لە 15ی شوباتی 2018، کاتێک سوپای تورکیا خەریکی داگیرکردنی شاری عەفرین بوو (ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون)، دیمەنێکی پڕ لە ململانێ تۆمارکرا.
    ژنە پەرلەمانتاری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان سەعادەت بوڵووت (Saadet Karabulut) کە لەسەر پارتی سۆسیالیستی هۆڵەندا (SP) کە لەناو کوردەکاندا بە حزبی تەماتە ناسراوە، لە دانیشتنی ئەو رۆژەدا لەناو پەرلەمانەوە هەوڵێکی چڕی خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی باوەڕ بە ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەندا بهێنێت و بڕیارێک لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربکەن.
    توناھان کوزو، سەرۆکی پارتی دێنک (DENK) کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەش بوو، کە ئەو پارتە پارتێکی نزیک لە ئەنقەرەیە و بەپارتی لۆبییەکانی تورکیا ناسراوە لە هۆڵەندا، بە شێوازێکی زۆر توند و نەتەوەپەرستانە هێرشی کردە سەر سەعادەت بوڵووت و بە “تیرۆریست” و لایەنگری پەکەکەی تیرۆریستی! ( بە قەولی ئەو) ناوزەندکرد، تەنها لەبەرئەوەی رەخنەی لە هێرشەکانی تورکیا گرت و لە هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگدا بوو لە پەرلەمانەوە لە پێناوی عەفریندا. لەو کاتەدا دەنگی ناڕەزایەتی لەناو پەرلەمانتارە هۆڵەندییەکانیەکانەوە دژ بە کوزو بەرزبووەوە، ئەو رۆژەی دانیشتنی پەرلەمان کە بە سەرۆکایەتی خەدیجە عەریب (Khadija Arib) وەک سەرۆکی پەرلەمان (کە خۆی بە رەچەڵەک مەغریبییە)، هاتە دەنگ و چەندین جار توناھان کوزوی بێدەنگ کرد و پێی وت: “تۆ لێرە نیت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دڵسۆزی و نادڵسۆزی پەرلەمانتارانی تر بۆ وڵاتی هۆڵەندا بدەیت، یاخود بە تیرۆریستیان لە قەڵەم بدەیت”، پاشان هەردوو پەرلەمانتار سیمۆن هێرس لە پارتی (D66) کە زۆر بە توندی دژی کوزو وەستایەوە و وتی تورکیا هیچ بەڵگەیەکی نییە کە عەفرین مەترسی بێت بۆ سەری و ئەو لەشکرکێشییە سنووربەزاندنە و تاوانە. دواتر لیلیان پڵۆمەن ( (Lilianne Ploumen لە پارتی کار (PvdA) کە داوای کرد هۆڵەندا بە توندی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین وەک “داگیرکاری” ناو بهێنێت، بەڵام دیلان یەشڵگیوز، کە وەک کچە کوردێکی ناو پەرلەمان چاوی لێدەکرا و هەموومان چاوەڕێی ئەوەبووین کە ببێتە دەنگی پشتیوانی لە سەعادەت، هیچ هەڵوێستێکی نەبوو و بێدەنگیی هەڵبژارد، ئەمەش دواتر وەک پەیامێک بینرا بۆ تورکەکان کە ئەو هیچ کێشەیەکی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەنقەرەدا نییە و ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندیی حزبیی حزبەکەی و خۆیدا، چاو لە ئازارەکانی نەتەوەکەی بپۆشێت.
    ٣- بێدەنگی بەرانبەر هەڕەشەی کوشتنی کچە کوردێک: کەیسی “سەرپێل ئاتێس”
    یەکێک لە خاڵە هەرە پڕ کێشەکانی کارنامەی دیلان، بێدەنگییەتی بەرانبەر بە هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر هاوزمانەکانی خۆی. سەرپێل ئاتێس (Serpil Ateş) کچە کوردێکی باکووری کوردستانە و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی دەنهاخ (لاهای)، کاتێک خۆی بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا کاندید کرد، لەلایەن نەتەوەپەرستە تورکەکانەوە کەوتە بەر شاڵاوێکی توندی هەڕەشە. دۆخەکە گەیشتە ئاستێک کە نامەیەکی هەڕەشەئامێزیان بە چەقۆوە خستە ناو ماڵەکەیەوە.
    لەو کاتەدا دیلان یەشڵگیوز وەزیری داد و ئاسایش بوو و بەرپرسی یەکەمی پاراستنی هاوڵاتییان بوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێکی بۆ پاراستنی ئەم کچە کوردە نیشان نەدا. ئەم بابەتە لە میدیاکانی هۆڵەندا و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ناوداری (Op1) و لەلایەن ئاژانسی NOS ەوە دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. دۆخەکە گەیشتە ئاستێک کە مارک رووتە (سەرۆک وەزیرانی کاتی و سەرۆکی حزبەکەی دیلان) ناچار بوو بێتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و بە ناوی حکومەتەوە بەڵێنی پاراستنی ژیانی سەرپێل بدات و ئیدانەی هەڕەشە تورکەکان بکات، لە کاتێکدا وەزیرە کوردەکە (دیلان) یەک وشە هاوسۆزی بۆ هاوزمانەکەی دەرنەبڕی.
    ٤- داخستنی ناوەندە کوردییەکان و بڕینی بودجەی فێربوونی زمان
    لە سەردەمی دەسەڵاتی دیلاندا، فشارێکی سیستماتیک خرایە سەر ناوەندە کولتوورییەکانی کورد بەتایبەتی ناوەندە کوردییەکانی کوردانی باکوور لە هۆڵەندا. چەندین ناوەند بەتۆمەتی بێ بنەمای وەک “راهێنانی ئایدۆلۆژی” و “کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ پەکەکە” داخران یاخود پۆلیس هەڵیکوتایە سەریان. دیلان وەک وەزیرێکی بەرپرس، دەیتوانی وەدەنگ بێت، بەڵام ئەو جەختی لەسەر بڕینی هاوکارییە داراییەکان دەکرد بۆ ئەو رێکخراوانە و بە تۆمەتی تێکەڵاوبوون (ئینتیگرەیشن) بە کۆمەڵگەی هۆڵەندیی، زۆرترین رێکخراوی پەناهەندەکان داخران یاخود هاوکارییە مادییەکانیان وشک کرا، یاخود کەمکرایەوە بۆ ئاستێک کە ئیدی نەتوانن چالاکی ئەنجام بدەن. لەناو ئەو رێکخراوانەشدا هەموو ئەو ناوەندانەی بەرکەوت کە کولتووریی وڵاتی دایکیان بە مناڵەکان فێر دەکرد، ئەو ناوەندە کوردییانەی کە خولی فێربوونی مۆسیقای کوردیی، ئاهەنگەکانی نەورۆز و ڤێستیفاڵە کوردییەکان، خولی فێربوونی هەڵپەڕکێی کوردیی و خولی زمانی کوردییان بۆ منداڵان دەکردەوە، هەموویان ئیفلیج کران بەو پاساوەی کە ئەمە رێگرە لەبەردەم “توانەوە یاخود تێکەڵ بوونی کۆچبەران لەناو کۆمەڵگەی هۆڵەندیدا”. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەمان ئەو ناوەندانە تەنها خەریکی پاراستنی کولتوور و زمانی دایک بوون.

گرنگ بیزانن:
پەکەکە و لیستی تیرۆر لە سەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا:
پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا (Council of the European Union) کە نوێنەری حکومەتەکانی ئەندامانی تیایە و لەناویشیاندا هۆڵەندا، لە بەرواری (02-05-2002)، بە فەرمی پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
ئەم بڕیارە دوای رووداوەکانی 11 ی سێپتێمبەری ئەمەریکاوە هات، کاتێک فشارێکی نێودەوڵەتی زۆر هەبوو بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گروپانەی کە بە “تیرۆریست” ناوزەند دەکران.

کەی هۆڵەندا پەیڕەوی لێکرد؟
وەکو دەزانین کە هۆڵەندا وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری یەکێتیی ئەوروپا، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پابەندە بە لیستەکانی ئەوروپاوە، بەڵام بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە ناوخۆی هۆڵەندا هێزی یاسایی هەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە و قەدەغەکردنی چالاکییەکان:
ساڵی 2002 هۆڵەندا راستەوخۆ دوای بڕیارەکەی ئەوروپا، پەکەکەی وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساند.
ساڵی 2004 و (یاسای تاوانی تیرۆریستی): لەم ساڵەدا هۆڵەندا یاسایەکی نوێی پەسندکرد کە سزای توندی بۆ هەر کەس و رێکخراوێک دانا کە هاوکاری ئەو گروپانە بکەن کە لە لیستی ئەوروپادان. لەو کاتەوە تا ئێستا، پەکەکە لە هۆڵەندا بە هەمان چاو سەیر دەکرێت. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا پەکەکە زۆر بەئاشکرا و بێ سڵەمینەوە بەردەوام شەقامەکانی ئەوروپا و هۆڵەنداشی تەنیووە بە چالاکییە مەدەنییەکانی.

پاشان:
“لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا باڵاترین دادگای وڵاتی بەلجیکا (کە دراوسێی هۆڵەندایە) بڕیاریدا کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و لایەنێکی ناو ململانێیەکی چەکدارییە(Non-international armed conflict)، کەچی دیلان یەشڵگیوز کاتێک کە بوو بە وەزیری دادی هۆڵەندا، نەک هەر هەوڵی نەدا ئەو روانگە یاساییە نوێیەی دادگای بەلجیکا لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکات، بەڵکو توندتر لە جاران فشاری خستە سەر رێکخراوە کوردییەکان و بە هەمان تۆمەتەکانی تورکیا راوەدووی چالاکوانانی دەنا.” خۆ هەرچەندە لەو قۆناغە هەستیارەی کە کەیسەکە لە دادگا بوو و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستەکە گەرم بوون و ئەوی رۆژێ کۆن گێنس (Koen Geens) وەزیری دادی بەلجیکا بوو، زۆر بە توندی دژی بریارەکەی دادگای باڵای بەلجیکا وەستایەوە و هەمیشە جەختی دەکردەوە کە حکومەتی بەلجیکا پەکەکە بە تیرۆریست دەزانێت و بڕیارەکەی دادگا گوزارشت لە سیاسەتی حکومەت ناکات، بەڵکو بڕیارێکی دەسەڵاتی دادوەرییە. ئێمە لێرەدا نامانەوێ وێنەیەکی کۆن گێنس لە دیلان دا دروست بکەین، بەڵام دەبوو دیلان کاتێک بوو بە وەزیری داد، هەوڵی زۆر بدات کە پەکەکە لەلای هۆڵەندا لە لیستی تیرۆر دەرکات، بەڵام هەرگیز هەنگاوێکی لەو جۆرەی نەنا، لەکاتێکدا وەکو سیاسەتمەدارێکی زۆر دەرکەوتوو دەیتوانی گەورەترین هەڵمەت بۆ دۆزی کورد لە سەر گۆڕەپانی سیاسیی هۆڵەندا دروست بکات و لەهەمان کاتدا هۆڵەندا کە رۆڵێکی کارای لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەیە و ماوەیەکیشە کە سەرۆکی (رێکخراوی ناتۆ) مارک رووتەی سەرۆکی پێشووی حزبەکەی دیلانە.
٥- لابردنی سنووردارکردنی چەک؛ کاتێک دیپلۆماسی خزمەت بە ئەنقەرە دەکات
لە خاڵی دووەمدا باسمکرد کە هۆڵەندا سزای سنووردارکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی چەکی بەسەر تورکیادا سەپاند لە ئەنجامی هێڕشی سەر عەفرین، بەڵام دواتر لایبرد.
راستە کە لابردنی سنووردارکردنی هەناردەی چەک بۆ تورکیا لە تەمموزی 2023، سیاسەتێکی گشتیی دەوڵەتی هۆڵەندا بوو لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی ناتۆ وەک پاداشتێک بۆ رازیبوونی تورکیا بە ئەندامێتی سوید، بەڵام رەخنە گەورەکە لێرەدایە: دیلان یەشڵگیوز وەک وەزیرێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی “کوردێکی ناو حکومەت”، هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی نەخستە کار و هیچ فشارێکی دروست نەکرد بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی نەشکێتەوە. ئەو نەک هەر دژایەتی نەکرد، بەڵکو وەک بەشێکی چالاک لەو کابینەیە، رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی دووبارە تەکنەلۆژیای سەربازی و پارچەی درۆنەکان بگاتە دەستی سوپایەک کە رۆژانە کوردانی پێ بۆردومان دەکات. قەبارەی بازرگانی گشتیی نێوان هەردوو وڵات لەو ساڵەدا گەیشتە زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆ کە پشکی شێری بەر بازرگانی فرۆشتنی کەرەستەی یەدەکی چەک کەوت.
ئێستا با بزانین چی جۆرێکی یەدەگی چەک بەرهەمدههێنێت کە تورکیا دەتوانیت و توانیوویەتی لێی سودمەندبێت:
بازرگانیی چەک و کەرەستەی سەربازی لەنێوان هۆڵەندا و تورکیا، کە لە تەمموزی 2023 دا بە فەرمی رێگەی پێ درایەوە، زیاتر جەخت لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو” و “پارچەی یەدەگ” دەکاتەوە، نەک تانک یان فڕۆکەی جەنگیی تەواو. هۆڵەندا لە پیشەسازیی سەربازیدا بەوە دەناسرێت کە پارچەی ورد و سیستمی ئاڵۆز بۆ وڵاتانی تر بەرهەم دەهێنێت.
لێرەدا گرنگترین ئەو جۆرە چەک و پارچانە دەخەینەڕوو کە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا ئاڵوگۆڕ دەکرێن:

  • پارچە و تەکنەلۆژیای درۆن (بەتایبەت درۆنی بایراکتار)، تورکیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی درۆن، بەڵام بۆ بەشە تەکنیکییە وردەکان پشتی بە ئەوروپا بەستووە.
    سیستەمی کامێرا و هەستەوەر (Sensors) هۆڵەندا و کۆمپانیاکانی (وەک لقی کۆمپانیا گەورەکان لە هۆڵەندا) تەکنەلۆژیای وردی وێنەگرتنی گەرمی و هەستەوەری دوورمەودا بەرهەم دەهێنن کە لە درۆنەکاندا بەکاردێن.
  • پارچەی بزوێنەر هەندێک لە پارچە یەدەگەکانی پەیوەست بە بزوێنەری درۆنەکان لە رێگەی کۆمپانیا هۆڵەندییەکانەوە دابین دەکرێن.
  • پیشەسازیی دەریایی و کەشتیی جەنگی
    هۆڵەندا لە بواری دەریاییدا زۆر پێشکەوتووە و تورکیاش هەوڵدەدات هێزی دەریایی خۆی بەهێز بکات.
    سیستەمی رادار و پەیوەندی، کۆمپانیای (Thales Nederland) یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی سیستەمی رادار و سۆنار و سیستەمی کۆنتڕۆڵی تەقەکردن بۆ کەشتییە جەنگییەکان. ئەم سیستەمانە لەسەر کەشتییە جەنگییەکانی تورکیا جێگیر دەکرێن.
    سیستەمی پاراستنی کەشتی: ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بەرگری لە کەشتی دەکات بەرانبەر موشەک.
  • پارچەی یەدەگی فڕۆکەی F-16
    تورکیا خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە فڕۆکەی (F-16)ی ئەمەریکییە. هۆڵەنداش وەک ئەندامێکی ناتۆ، ناوەندێکی گەورەی چاککردنەوە و دابینکردنی پارچەی یەدەگی ئەم فڕۆکانەیە لە ئەوروپا.
    ئەم بازرگانییە بڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانیی تورکیایە بۆ ئەوەی فڕۆکەکانی لەکار نەکەون.
    -ئۆتۆمبێلی زریپۆش و تانک.
    سیستەمی گواستنەوە (Transmission): هۆڵەندا پارچەی تایبەت بە بزوێنەر و سیستەمی گواستنەوەی هێز بۆ ئۆتۆمبێلە زریپۆشە تورکییەکان دابین دەکات.
    -ئامێری بینینی شەو: تەکنەلۆژیای بینینی شەو و لێزەری مەوداپێو کە لە تانکەکاندا بەکاردێن.
    -کەرەستەی “بەکارهێنانی دوو لایەنە” (Dual-Use)
    ئەمە مەترسیدارترین بەشە، چونکە ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە هەم بۆ مەبەستی مەدەنی و هەم سەربازی بەکاردێن، وەک:
  • مایکرۆچیپەکان.
  • ئامێرەکانی پەیوەندیی بێتیل.
  • نەرمەکاڵای (Software) تایبەت بە کۆنتڕۆڵی فڕین و رێدۆزی.

ئەو کەرەستەی یەدەگ وپارچە بچوکانەی چەک کە حکومەتی هۆڵەندا دابینی کردووە و دەکات بۆ تورکیا، کە دیلان یەکێک بووە لە وەزیرەکانی و پەرلەمانتارەکانی یاخود وەکو سەرۆکی حزبی دەسەڵاتدار کە کابینەی حکومەت بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێردەستیدا بووە، تەنها کەرەستەی سادە نین؛ بەڵکو بریتین لە سیستمی راداری پێشکەوتوو، پارچەی یەدەگی فڕۆکەی F-16 و تەکنەلۆژیای هەستەوەر بۆ درۆنەکان. ئەم پارچانە مۆتۆڕی سەرەکیی ئەو درۆن و فڕۆکە تورکییانەن کە رۆژانە گوندەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکەن و ژێرخانی ئابووریی ناوچە کوردییەکان وێران دەکەن.”
بێگومان مەرج نییە ئەم کەرەستە یەدەگانە تورکیا تەنیا لە هۆڵەندای بکرێت، بەڵام خۆ لە هۆڵەنداشی دەکرێت. ئایا هەڵوێستی دیلان کە خاوەنی حزبێکە کە کابینەی حکومەتی پێکهێناوە چی بووە؟
ئێستا وا خەرێکە دەبێت بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی، ئایا ئێمەی کورد دەبێت چاوەڕێ بکەین دیلان چی لەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی چەک لە گەڵ تورکیا دەکات؟
ئایا وەکو کچە کوردێک لە دژی دەوەستێتەوە و دەیوەستێنێت، یاخود وەکو هۆڵەندییەک بەردەوامی پێدەدات لە پێناوی ئەو پرۆتۆکۆلە بازرگانی و سیاسییانەی کە لەنێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە؟ با چاوەڕێ بین.
٦- توندترین وەزیر بەرانبەر بە پەنابەران و ئاماری رەتکردنەوەکان
وەک وەزیری داد، دیلان یەکێک بوو لە داڕێژەرانی توندترین یاساکانی کۆچبەری لە مێژووی هۆڵەندا. بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی کۆچ (IND)، لە سەردەمی ئەودا رێژەی رەتکردنەوەی کەیسەکان بە رێژەی %15 بۆ %20 زیادیکرد و کاتی چاوەڕوانی بۆ پەنابەران گەیشتە ئاستێکی نالەبار. ئەو بە ئاشکرا دژی “یەکگرتنەوەی خێزانی” (Family Reunification) وەستایەوە، کە بووە هۆی ئەوەی سەدان خێزانی کورد بۆ ساڵانێک لە یەکتر داببڕێن. دواجار هەر بەهۆی پێداگری ئەو لەسەر توندکردنی ئەم یاسایانە، حکومەتی هۆڵەندا لە تەمموزی 2023 دا هەڵوەشایەوە.
ئامارەکانی پەنابەری و فشاری سیاسی لەسەر کۆچبەران (2022 – 2024)
لەو ماوەیەی کە دیلان یەشڵگیوز وەک وەزیری داد و ئاسایش و دواتر وەک سەرۆکی پارتی (VVD) دەسەڵاتی هەبوو، ئامارەکانی پەنابەری لە هۆڵەندا بەم شێوەیە بوون، کە بەردەوام وەک کارتێکی فشار بۆ توندکردنی یاساکان بەکاردەهێنران:
ساڵی 2022: کۆی گشتی 35,535 کەس بۆ یەکەمجار داوای مافی پەنابەرییان کردووە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی پێشتر بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی.
ساڵی 2023: ژمارەی داواکارییەکان زیاتر هەڵکشا و گەیشتە 38,377 کەس. هەر لەم ساڵەدا بوو کە دیلان یەشڵگیوز بە بیانووی “کۆنتڕۆڵنەکردنی لێشاوی کۆچبەران” حکومەتی هەڵوەشاندەوە.
ساڵی 2024: ژمارەی داواکارییەکان دابەزینی بەخۆوە بینی و گەیشتە 32,175 کەس. ئەم دابەزینە بەشێکی پەیوەندی بەو رێکارە توندانەوە هەبوو کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا جێبەجێ کران.

تێبینی: حکومەتی هۆڵەندا لەم ئامارە فەرمییانەدا وردەکاریی نەتەوەیی (وەک جیاکردنەوەی کورد لە نەتەوەکانی تر) بڵاوناکاتەوە، ئەمەش وای کردووە ناسنامەی پەنابەرە کوردەکان لە ناو ئامارە گشتییەکاندا ون ببێت.
دیلان یەشڵگیوز نموونەی ئەو سیاسەتکارە “ئاسیمیلەکراو”ەیە کە بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی دەسەڵات لە سیستمە راستڕەوەکانی ئەوروپادا، ئامادە بووە پشت لە هەموو ئەو ئازارانە بکات کە نەتەوەکەی دەیکێشن. رەخنە لێی تەنها لەبەر ئەوە نییە کە بڕیارە گشتییەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە پۆست و پێگەکەی وەک “کوردێک” بەکارنەهێناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ستەمانەی لە هاوزمانەکانی دەکرێت. نەی ویستووە وەکو لۆبییەکی سیاسیی(لە چەشنی سیاسەتمەدارە جووەکانی ناو پەرلەمان و کۆنگرێسەکانی جیهان) دەنگی ئازاری گەلەکەی بێت و هەوڵی بە لۆبیکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بێت لە ناوەندەکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی بڕێک لە ئازاری نەتەوەکەی خۆی کەمبکاتەوە. بەپێچەوانەوە ئەو بێدەنگی و خۆگونجاندنی هەڵبژاردووە بۆ مانەوە لە دەسەڵات، تەنانەت ئەگەر ئەمە لەسەر حیسابی خوێنی منداڵانی عەفرین و ئازادییەکانی زمانەکەی بێت.

دەرئەنجام:- دەمەوێ کۆتایی نووسینەکەم بەوە بهێنم، وەکو چۆن قسەیەک هەیە کە دەڵێت:- لە تورکیادا دەتوانیت ببیت بە سیاسەتمەدار، دەتوانیی ببیت بە پەرلەمانتار، بە وەزیر، بە سەرۆک وەزیران، بە سەرۆک کۆمار، بەڵام ناتوانیت ببیت بە کورد، هەر بەم پێودانگە لە هۆڵەندا و تەواوی وڵاتەکانی دیکەشدا بۆ ئەوەی بتوانیت ببێت بە سیاسییەکی گەورە و کاراو خاوەن پێگە و دەنگ و رەنگ و لە ناوەندەکانی بڕیارداندا جێگەت هەبێت، ناتوانیت وەکو کوردێک بەبەردەوامیی مەلەفی دۆزی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆی سیاسەتمەدارە باڵاکان دابنێیت و لەوێوە کار بۆ دۆزی کورد بکەیت، چونکە ئێمە هەتا ئێستا لۆبییەکی سیاسیی بەهێزی فەرمییمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نییە کە پشتوپەنای یەکتری بن. بۆیە دەنگەکانی وەکو سەرپێڵ ئاتێس( کە خودی پەکەکە دەنگیان پێنەدا تا بگاتە پەرلەمان) و سەعادەت کارابڵوت تەنیا ماوەیەکی کەم توانیان بەردەوامییان هەبێت و دواتر وردە وردە پوکانەوە و لەناوچوون، بەڵام دەنگی دیلان یەشیلگویز، بەردەوام بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە، چونکە وەکو کورد کارا نییە، وەکو هۆڵەندییەک کارایە و ناشیەوێ لە ناوەندی سیاسیی هۆڵەندیدا ببێتەوە بە کورد، بەڵکو دەیەوێ هەر بە هۆڵەندیی بەردەوام بێت و ئەمەش نهێنی سەرکەوتنی ئەو ژنە کوردە پەنابەرەیە.

تێبنی:-
١- لەم بابەتەدا مافی رەتکردنەوەی زانیارییەکانم دەدەم بەهەر کەسێک کە زانیاریی باشتر بە بەڵگەی لینک، دۆکیومەنت، یاخود بەرنامەی تیڤی لە کۆمێنت دابنێت، کە رەنگە من نەمدیبێت. من ئەوانە دادەنێم کە خۆم دەیزانم و مەرج نییە راستی هەمووی لای من بێت، راستی سیفەتێکی هەیە، هەمیشە بڕێکی لای منە و بڕێکی لای تۆیە. بۆیە سوپاسگوزاری هەر کەسێکم کە بە بەڵگە زانیارییەکانم بەهەڵە دەخاتەوە و پشت ئەستور بە بەڵگە بۆم راست دەکاتەوە.
٢- کەناڵی رووداو دەڵێت بە باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا چووەتە هۆڵەندا، لەکاتێکدا لە ژیاننامەکەیدا لە ویکیپیدیای هۆڵەندی بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بەو خاڵەنادات، پاشان ئەگەر شتی واش روویدابێت ئەوە کاتێک بووە سەردەمی بەعس بووەو لەکاتی شەڕی ئێران- عیراق دا بووە. ئاخر کەی ئەو کاتە سنووری رۆژهەڵات و باشوور کراوە بووە هەتا دیلان و خێزانەکەی بتوانن لێوەی گەشت بکەن بۆ هۆڵەندا؟ کۆی سەرچاوە هۆڵەندییەکان دەڵێن لە تورکیاوە چووەتە یۆنان و لەوێوە بۆ هۆڵەندا- ئاخر دەبێت سەرچاوە هۆڵەندییەکان راست بکەن یان کەناڵی ئاسمانی رووداو؟

ر.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان