شەڕڤانان بۆ پێگەکانی پێش جەنگ دەگەڕێنەوە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد هەنگاوە كارگێڕی و ئەمنییەكانی رێككەوتنی نێوان دیمەشق و (هەسەدە) جێبەجێ كراون و ئێستا چوونەتە ناو بڕگە سەربازییەكان.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی (هەسەدە) رایگەیاند “شەڕڤانان لەناو شارەكان دەكشێنەوە بۆ پێگەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگ و هێزەکانی ئاسایش شوێنەکانیان دەگرنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەبێت ئەمڕۆ چەکدارانی سەربە دیمەشق لە ئەلهول و تەل بەراك بكشێنەوە بەڵام لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کات کوشتن هەیە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە”.

ئەوەشی خستەڕوو “چەندین بەربەست هەیە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و یەكێكیش لە بەربەستەكان بڕگەی تایبەت بە شەڕڤانە دیلەكانە كە دەبوو ئازاد بكرێن، هەروەها تاوەکو ئێستا لە كۆبانێ هیچ جۆرە كشانەوەیەک لە گوندەكان و بەرەكان شەڕ نییە و گەمارۆدانی شارەکە بەردەوامە”.

باسی لەوەشکرد “دەبوو بڕیاری فەرمی بۆ دانانی (نورەدین ئەحمەد) وەكو پارێزگاری حەسەكە دەربچێت، هێشتا ئەمەش نەكراوە بەڵام گفتوگۆکان بە چاودێری نێودەوڵەتیی بەردەوامە و هیواخوازن هەموو بڕگەكان جێبەجێ بكرێن و كۆسپ بۆ رێككەوتنەكە دروست نەكرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان