مەودا میدیا-
پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی زیندانیکراوی داعش لە کەمپەکانی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ عیراق بەردەوامە و بڕیارە حەوت هەزار چەکدار بۆ عیراق بگوازرێنەوە.
رادیۆی مۆنتکارلۆ بڵاویکردەوە “حکومەتی عیراق لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەوت هەزار چەکداری زیندانیکراوی کەمپەکانی سوریا وەردەگرێت، کە تاوەکو ئێستا پێنج هەزار لەو چەکدارانە بۆ وڵاتەکەی گواستراوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەناو ئەو پێنج هەزار چەکدارەی داعش کە تاوەکو ئێستا وەریگرتوون، نزیكەی دوو هەزار داعشیان هەڵگری رەگەزنامەی تورکین، ئەوانی تر هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی، سوری و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپان”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەغدا و وڵاتانی ئەوروپا رێککەوتوون بۆ دادگاییکردن و هێشتنەوەی جیهادییە ئەوروپییەکان لەناو گرتووخانەکانی عیراق، لێکۆڵینەوەش لەگەڵ کاروانی یەکەمی داعشەکان دەستیپێکردووە”.
باسی لەوەشکرد “بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی شارە گەورەکان، حکومەتی عیراق بڕیاریداوە زیندانی تایبەت و تووندوتۆڵ لە ناوچە دابڕاو و دوورە دەستەکان بۆ ئەو چەکدارانە دروست بکات”.
ب ح