سێنتكۆم: گورزێكى قورسمان له‌ ئێران وه‌شاند

مه‌ودا میدیا-

سوپای ئەمه‌ریکا ئه‌مڕۆ چوارشەممە کۆتایی هاتنی دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند و ئەمەش یازدەهەمین شەوی لەسەریەک بوو كه‌ ئه‌مه‌ریكا كردییه‌ سه‌ر ئێران.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمه‌ریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، یازدەهەمین شەوی لەسەریەکی هێرشە سەربازیەکان بۆ سەر ئێران تەواو بووە و دووپاتی کردەوە کە ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، توانا دەریاییەکان، فڕۆکە، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوە لۆجستییە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی هێرشەکان زیاتر دابەزاندنی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، تاران لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانیی کە لە رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕن.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بەرگرییە ئاسمانییەکانی خۆی لە تارانی پایتەخت چالاک کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە هێرش و تەقینەوەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی تەواوبوونی یازدەهەمین شەوی لەسەریەک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران لەلایەن ئەمه‌ریکاوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران چالاکیی بەرگریی ئاسمانی قورسی لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی تاران بڵاوکردەوە، ئاژانسی هەواڵی ئیرناش تەقینەوەکانی پارێزگای بوشێهر کە شوێنی تاکە وێستگەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی تێدایە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی باشوور و باکوری رۆژئاوای ئێران بڵاوکردەوە.

سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشەکان نزیکەی 75 خولەکی خایاندووە لە درەنگانی شەوی سێشەممەدا.

شەڕ لەگەڵ ئێران کاتێک دەستی پێکرد کە ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل لە 28ى شوبات هێرشیان کردە سەری، تاران وەڵامی دایەوە و ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانەی کەنداویان کردە ئامانج کە میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئەمەریکا له‌ شه‌ڕى ئێران بۆ 18 سەرباز بەرزبووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ترامپ سوێندی خوارد کە تۆڵە لە ئێران بکاتەوە دوای دەستپێکی خوێناویی هەفتەکە بۆ هێزەکانی ئەمه‌ریکا.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان