هێرشی چڕ کرایە سەر ئەسفەهان و “تارانیش کارەبای بڕا”

مەودا میدیا-

لە رۆژی 32یەمینی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل- ئێران، هێرشی چڕ کرایە سەر شاری ئەسفەهان و “شەوی پێشوویش کارەبای تاران بۆ ماوەیەک بڕا”، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ.

ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026 بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی رایگەیاند کۆگایەکی گەورەی چەکیان لە ناوەڕاستی شاری ئەسفەهان کردووەتە ئامانج و زیانی زۆریان لێ داون. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕە جیاوازەکان بڵاودەکرێنەوە هێرشی ئاسمانی و تەقینەوەی زۆر دەردەکەون بەشێوەیەک چڕی و تووندیی هێرشەکان دەردەخەن.

“کارەبای تاران بڕا”

لەلایەکی دیکەوە دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی شیراز کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێرانەوە و ناوچەی ئەهوازیش بەهەمان شێوە دەنگی تەقینەوە بیستراون.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوەیان خستووەتەڕوو لە چەند ناوچەیەکی شاری تاران جگە لەوەی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە، هاوکات کارەبا بڕاوە، ژمارەیەک لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی تاران رایانگەیاندووە “کارەبا لە ناوچەکەمان بڕاوە و دەسەڵاتی خۆجێی سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن”.

“هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە”

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە لە ئاسمانی قودس- ئۆرشەلیم دەنگی ژمارەیەک مووشەکی ئێرانی بیستراوە کەوا لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە رووبەڕوویان بوونەتەوە “دەنگی 10 تەقینەوە بیستراوە لە ئاسمانی قودس”.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت “کاری جدی دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران”، هاوکات سوپاکە لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە “سوپای بەرگریی ئیسرائیل رووبەڕووی مووشەکەکانی ئێران بووەتەوە و سیستمی بەرگریی چالاککراوە”.

هاوکات تەلەڤزیۆنی رەسمیی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کەوا هێرشیی مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.

ئەسفەهان بۆ گرنگە؟

بەپێی  زانیارییەکان شاری ئەسفەهان، ناوەندی سەرەکیی پیشەسازییە لە ئێران، بەتایبەت بەرهەمهێنانی ئاسن و بەکارهێنانی لە پیشەسازیی سەربازیی و پیترۆکیمیایی، هەروەها پیشەسازیی ئاسمانیی (دروستکردنی فڕۆکەی ئێرانی). لەگەڵ ئەوەیشدا ئەسفەهان بەتەنیشت بنکە تەتۆمییە گرنگەکانەوەیە وەکو بنکەت ئەتۆمیی نەتەنز کە تیایدا یۆرانیۆم دەپیتێنرێت.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان