سەرۆکی یەکێتی: کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەختدا دامەزرا

مەودا میدیا-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 50 دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکاراندا ئاشکرایکرد ئەمڕۆ یادی رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەنەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، وەک هەمیشە دەنگی راستەقینەی خوێندکار بن بەبێ جیاوازی و رێگا بۆ نەوەکانی دوای خۆتان رووناكبکەنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا، ئەوەبوو خوێندکاران تەنها لە هۆڵەکانی خوێندندا نەمانەوە، بەڵکو لە شاخ و شار، لە خەباتی نهێنی و رێکخستن و رێپێوان و ناڕەزایەتی و زیندان و لە راپەڕینەکاندا، سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی دانەبڕاون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سوپاس بۆ ماندووبوونی هەموو ئەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەی لە رابردوو و ئێستادا، کات و وزەی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم رێکخراوە پیشەییە وەک قەڵایەکی بەهێزی زانست و پەروەردە و پرۆسەی فێربوون و کوردایەتی بمێنێتەوە، لەم قۆناغی نوێبوونەوە و کارکردنتاندا، داواتان لێدەکەم وەک هەمیشە دەنگی راستەقینەی خوێندکار بن بەبێ جیاوازی و رێگا بۆ نەوەکانی دوای خۆتان رووناكبکەنەوە و بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن،

ئەوەشی خستەڕوو “لەم رۆژەدا، دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بە شانازییەوە لەگەڵ ئێوەی خوێندکار و گەنجان دەمێنمەوە و پشتیوانتان دەبم لەپێناو داهێنان و پێگەیاندنی لاوەکانمان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خوێند لە وڵاتەکەماندا، باوەڕم بە وزە و تواناتان هەیە، دڵنیام داهاتوو هەر بۆ ئێوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبەرانبەرتاندا دەرگای کراوەیە، هێنانەپێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان