مهودا میدیا-
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا ناڕەزایی خۆی لە دوایین پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەربڕیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە بەردەوامەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئهمهریكى، پێشنیازی ئێران بریتیی بووە لە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووەکە، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ باسی چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکە بکات، ئەمەش نیگەرانییەکانی ناو ئیدارەی ئەمهریکای لێکەوتووەتەوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە رایگەیاندووە “ترەمپ بە راوێژکارەکانی کۆشکی سپی ڕاگەیاندووە کە دڵخۆش نییە بە پێشنیاری ئێران، جەختیشی لە دژایەتیی خۆی بۆ تاران کردووەتەوە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە”.
تا ئێستا هۆکاری وردی ناڕازیبوونی ترەمپ لەو پێشنیازە روون نییە، بەڵام چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناتوانرێت رێگە بە ئێران بدرێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
لای خۆیەوە ئۆلیڤیا وێڵز وتەبێژی کۆشکی سپیی رایگەیاند “ئەمهریکا لە رێگەی میدیاوە دانوستان ناکات و سەرۆک تەنها رێککەوتنێک دەکات کە بۆ گەلی ئەمهریکا و جیهان باش بێت”.
دووپاتی کردەوە “تا ئێستا گفتوگۆکان سەبارەت بە شەڕ و هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامن”.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، روانگەی جیاواز لەناو ئیدارەی ئەمهریکادا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەشێک لە بەرپرسان پێیان وایە بەپێویستی دەزانن کە فشارە ئابووری و سەربازییەکان بەردەوام بن، هەندێکی تریش پێیان باشە بگەنە رێککەوتنێکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان”.
ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازانەی ئەمهریکا کە داوای راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەسلیمی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو دەکات، ئەمەش ئەگەری گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی گشتگیر ئاڵۆزتر دەکات.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، سەرکردایەتیی ئێران ئەرکی دانوستانکارانی نەداوە کە ئیمتیاز لە پرسی ئەتۆمیدا بکەن، ئەمەش رێگریی دەکات لە هەر هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن یان رێککەوتنی ئاشتی.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین خاڵە خنکێنەرە دەریاییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهانی، ئەمەش وایکردووە هەر گرژییەک لە ناوچەکەدا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزە هەبێت.
سەرچاوە ئێرانییەکان رۆژی دووشەممە رایانگەیاند “ئەو پێشنیازە بریتییە لە دواخستنی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تا کۆتایی هاتنی شەڕ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە کەشتیوانی لە ناوچەکە”.
ع