چینی كرێكار لە هەموو كۆمەڵگایەكدا چینی بەرهەمهێنەرە، بەڵام لە راستیدا ئەو چینەیش لەو بەرهەمەی كە دروستی دەكات، بێبەشە و لە ئاستی ئەودا نامۆیە و كەسێكی تر خۆی بە خاوەنی دەزانێت كە خاوەنی سەرمایەیە، ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنان كە كرێكار لە خۆی نامۆ دەكات و ئەو دەكاتە بەشێك لە ئامرازەكانی بەرهەمهێنان، كرێكار لە مرۆڤ بوون دەخات، لەو كاتەوە كرێكارانی جیهان هەستیان بە نەبوونی مافی خۆیان كردووە و بە شێوازی جۆراوجۆر و بە مانگرتن داوای مافی خۆیان كردووە و تا ئێستاش بە سەرهەڵدانی كرێكاری یەخە سپی و لەنێوچوونی كرێكاری یەخە رەش دیسان ئەو خەباتە بۆ دەستەبەركردنی مافە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و مرۆییەكانی كرێكار بەردەوامە.
رۆژی جیھانیی كرێكاران، یان رۆژی 1ی ئایار (به ئینگلیزی:International Workers’ Day) به رۆژی جیهانیی جهژنی كرێكاران ناسراوه و دهكهوێته 1ی ئایاری ھهموو ساڵێك ئهم رۆژه له نزیكهی 80 وڵاتی جیھان پشووی فهرمییه، لهم رۆژهدا كرێكاران و بزووتنهوه كرێكارییهكان لهوانه سۆسیالیزم و كۆمۆنیستهكان و پارت و لایهنه چهپهكان به رێپێوان و چالاكی و یادی رۆژهكه دهكهنهوه.
مێژووی سەرەکی 1ی ئایار:
جەنگی ناوخۆیی ئەمەریکا و پاشەکشێی ئابووریی وڵات، ویلایەتی شیکاگۆ لە گرنگترین ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەو سەردەمە بوو لە ئەمەریکا، چینێکی زۆری کرێکارانی نیشتەجێی شارەکە بوون، کرێکاران بە گشتیی کە زۆرینەیان بە رەچەڵەک ئەڵمانی بوون، رۆژانە بڕی یەک دۆلار و نیویان وەکوو کرێی رۆژانەی کارکردنیان وەردەگرت، تێکڕای کاتژمێری کارکردنیان لەنێوان (10 بۆ 16) کاتژمێر بوو و شەش رۆژ لە هەفتەیەکدا کاریان دەکرد، سەرۆک کار و بازرگانەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ کرێکاران دەکرد، بچووکترین هەڵە و ناڕەزایی ئەنجامی دەرکردن بوو، ئەو کرێکارانەی ئەگەر لە سەندیکای کرێکاران خۆیان تۆمار بکردایە ناویان دەچووە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا، لەنێوان ساڵانی (1882 بۆ 1886) کە ماوەی پاشەکشەی ئابووریی بوو لە ئەمەریکا، چەندان کۆمەڵە و رێکخراوی سۆسیالیستی دامەزران و چالاکوانان و سەندیکای کرێکاران هەمیشە هەوڵیان دەدا مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەن، هەمیشە لەگەڵ خاوەنکار و بازرگانان و کارگەکاندا لە کێشمەکێش و ململانێدا بوون.
رۆژی جیهانی کرێکاران (1ی ئایار) دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، بە تایبەتی بۆ شاری شیکاگۆی ئەمەریکا لە ساڵی 1886، کە لەو سەردەمەدا، کرێکاران لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدابوون، داواکاریی سەرەکییان جێگیرکردنی یاسای هەشت کاتژمێر کارکردن بوو لە رۆژێکدا، لە (1ی ئایاری 1886)، مانگرتن و خۆپیشاندانێکی گەورە لە شیکاگۆ دەستیپێکرد بۆ ئەم داواکارییە، دوای چەند رۆژێک، لە گۆڕەپانی هایمارکێت (Haymarket Square) تووندوتیژی روویدا، بۆمبێک تەقییەوە و چەند پۆلیسێک و کرێکارێک کوژران، دواتر چەند سەرکردەیەکی کرێکاری دەستگیرکران و سزادران، هەندێکیان لە سێدارەدران.
ناساندنی 1ی ئایار وەک رۆژی جیهانی کرێکاران:
دوای رووداوەکەی شیکاگۆ، هەواڵی رووداوەکە سنووری ئەمریکای تێپەڕاند و گەیشتە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لە یەکەمین کۆنفرانسی نوێنەرانی سۆسیالیستی نێودەوڵەتیی، کە لە ساڵی 1889 لە پاریس ئەنجامدرا، یادی ئەو رووداوە کرایەوە و بانگەشەی زیندووکردنەوەی ئەو رۆژە کرا، لە ساڵی 1904 کۆبوونەوەی کۆنگرەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتیی لە ئەمستردام، هەموو رێکخراوە بازرگانی و سەندیکاکانی کرێکارانی لە سەرتاسەریی جیهان و بە تایبەتی سۆسیالیستەکان ئاگادار کردەوە بۆ ئەوەی لە یەکی ئایاری هەموو ساڵێک کرێکاران کار نەکەن، لە هەمان کاتدا لە دەیان وڵات هەوڵیان دەدا ئەو رۆژە ببێتە پشووی گشتیی. لەو کاتەوە یەکی ئایار بوو بە ئاهەنگێکی نێودەوڵەتیی بۆ دەستکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بزووتنەوەی کرێکاران لە زۆر وڵاتانی جیهان.
مانا و ئامانجی رۆژی جیهانی کرێکاران:
یادکردنەوەی خەباتی رابردوو: بەبیرهێنانەوەی ئەو قوربانییانەی کرێکاران داویانە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکان.
داواکردنی مافەکانی ئێستا: کرێکاران لەم ڕۆژەدا دووبارە داواکارییەکانیان بەرز دەکەنەوە، وەک: باشترکردنی مووچە و کرێ، دڵنیایی کار و سەلامەتی شوێنی کار، بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، مافی پێکهێنانی سەندیکا، و کەمکردنەوەی سەعاتی کار لە هەندێک سێکتەر.
نیشاندانی یەکێتی و هاوسۆزی: رۆژێکە بۆ کرێکارانی هەموو جیهان تا هەست بە یەکێتی و هاوپشتی بکەن و پەیامی خۆیان بگەیەنن.
رۆژی 1ی ئایار تەنها پشوویەک نییە، بەڵکو رۆژێکی مێژووییە و هێمایەکە بۆ خەباتی کرێکاران و داواکارییەکانیان بۆ ژیانێکی شایستەتر.
رۆژی 1ی ئایار لە زۆربەی وڵاتان، بە خۆپیشاندان، کۆبوونەوە و کۆڕ و سیمینار یاد دەکرێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کرێکاران و بازارى كار.
کرێکاران لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستان:
بەهۆی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماف و کرێی کرێکار و بە یاسایی نەکردنی کاتژمێری کارکردن و دیاریکردنی شایستە داراییەکانیان، کرێکاران ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەبنە قوربانی روو لە بەرزییە، هەروەها کرێکارانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری تورک و فارسەوە دەچەوسێندرێنەوە و ماف و کرێی شایستەی کارەکانیانی پێنادرێت، بەشێکی زۆریان لە چەند ساڵی رابردوودا رێگای کۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا گرتووەتەبەر.
ب ح