مەودا میدیا-
رۆژنامەنووسێکی نزیک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە دوێنێ عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق، سەرەتا سەردانی هەولێر و دواتر سلێمانی کرد، هەموو تەرکیزی میدیایی پارتی باوک و کوڕ کە گوایە لە سەر هەموو ئاستێک لە حکومەت و پەرلەمانی عیراق کشاونەتەوە، ئەوە بوو کە لە کوردستان، زەیدی یەکەمجار هاتووەتە هەولێر نەک سلێمانی و لە هەولێریش یەکەمجار بارزانیی باوکی بینیوە نەک نێچیرڤان بارزانی.
رێبوار کەریم وەلی، رۆژنامەنووس نزیک لە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “باوک و کوڕ بە زەیدیان وتووە ئەوە ئێمەین کە تۆراوین، دەچەمێینەوە بەڵام مەچنە سلێمانی، کەچی زەیدی بە زیادەوە لە سلێمانی، ورد و درشتی حزبەکانی بینی، ئەگەرچی زەیدی وا وێنا دەکرێت کە هەڵبژێردروای چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام لە راستیدا، شازادەی راسپێردراوی فایەق زێدانە و راگەیاندنی کۆتاییی سەردەمی سەرکردە تەقلیدییەکانی وەک مالیکی، بارزانی، حەکیم، عەبادی و عامری و هاوبیرەکانیانە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو یانە نوێیەی عیراقی ئەمڕۆ بەڕێوەدەبەن، هێشتا یەک و دوو کورسیی بەتاڵیان ماوە، زێدان، زەیدی، بافڵ و قوباد تاڵەبانی، خەزعەلی و حەلبوسییەکان، چاوەڕێن کە نێچیرڤان بارزانی و شیاع سودانیش ببنە یاریکەری سەرەکی، راستە کە پارتی ماوە و هێشتا لە رووی ژمارەوە بەهێزە، بەڵام پارتی کاریگەریی جارانی نەماوە، جاران ئەگەر پارتی باسی کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا کردبایە، هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان شۆک دەبوون و ئینجا دەستەوداوێنی کە ئەو کارە نەکات، کەچی ئێستا بوون و نەبوونی لە بەغدا وەک یەکە و تەمەننا دەکات یەکێک دەرگای حیواری بۆ بکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەر بۆیە هەرچەندە کە پارتی خۆی وا پێشان بدات دەتوانێ بە سەنگ قورساییەوە بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام لە حەقیقەتدا، سەردەم گۆڕاوە و تەنانەت پێناچێ ئەمجارە وەزارەتی دەرەوەشی بدرێتێ و ئەگەر سودانی بێتە ناو یانەی بڕیاربەدەستە نوێکانەوە، ئەوا ئەو پۆستە دەدرێتە ئەو، لە لایەکی تریشەوە یەکێتی لە رێگەی حکومەتی تازەی عیراقەوە، بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیی نەنووسراوی خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ، ئەمجارە لە پشکی خۆی کە پێدەچێ دوو وەزارەت بێت، وەزارەتێکیان دەداتە نەوەی نوێ”.
باسی لەوەشکرد “ئیتر ئەو سەردەمە بۆ پارتیی باوک و کوڕ کۆتاییهات کە بە تەلەفۆنێک تەحەکوم بە هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا بکەن، رێگری بکەن لەوەی کە وەزارەت بدرێ بە ئەم و ئەو، پارتی و پارتییەکان، باجی سەرکێشی و سەرەڕۆیی ئەو سیاسەتە چەوتانە دەدەن کە پتر لە بیست ساڵە باوک کوڕ لە قاڵبی وەهمی دومژمن داتاشین و نیشتمانپەرەوەری دەرخواردیان دەدرێ و عاقیبەتەکەشی ئەوەی ئێستایە”.
ب ح