مەودا میدیا-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە رەخنەیان لێگرتووە و ئاشکرایکرد نهێشتنی نۆرەی بەنزین بەتەواوەتی لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی عیراقدایە، تاوەکو کار لەسەر بەرهەمهێنانی بڕێکی باشی بەنزین بکات و هەموو پارێزگایەک بەشی خۆی پێ بدات ئەوکات نۆرەی بەنزین نامێنێت.
د. ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند “یەکێک لە ئامنجەکانی ئەو رێککەوتنانەی عەلی زەیدی لە ئەمەریکا واژۆی کردوون ئەوەیە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکرێتەوە بۆ حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، جگە لە نەوت و بەنزین، هاوردەکردنی گازی سرووشتی رابگرێت و خۆی بڕی پێویست لەگازی سرووشتی بەرهەمبهێنێ و وێستگەکانی کارەبای پێ ببوژێنێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “یەکەمین پارێزگا لەهەموو عیراق تووشی قەیرانی نەوت یان بەنزین بێت کەرکوکە، چونکە بەشێکی کەمتر لە پێویستی خۆی پێدەدرێت و هاوسنووریشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چونکە لەوێش نرخی نەوت و بەنزین گرانترە لەناو کەرکوک”.
ئەوەشی خستەڕوو “جگە لە پێدانی بەشی پێویست لە بەنزین بۆ کەرکوک بۆ نەهێشتنی نۆرەی بەنزین، پێویستە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان هاوتای عیراق بکرێت چونکە چەنێک بڕی پێویستیان لە سووتەمەنی هەبێت سوودی نیە ئەگەر نرخەکەی ل ەهەرێمی کوردستان گرانتر بێت چونکە خەڵکێکی زۆر لەوێوە دێنە کەرکوک بۆ کڕینی سووتەمەنی و لێرەش دوبارە نۆرەی بەنزین دوور و درێژ دەبێت”.
ب ح