مەودا میدیا-
بە مەبەستی یەكسانی لە دابەشكردنی غازی ماڵان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیان بڕیاریدا بۆ لەمەودوا دابەشكردنی غاز بكرێتە سیستەمی ئەلیكترۆنی.
محەمەد كەریم، یەكێك لە بریكارەكانی غاز لە گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند” لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیانەوە سەرجەم بریكارەكانی خۆراك ئاگاداركراونەتەوە كە بۆ لەمەودوا بۆ ئەوەی سەرجەم هاوڵاتییان بەشێوەیەكی یەكسان غاز وەربگرن پێویستە بەپێی سیستەمی ئەلیكترۆنی و فۆرمی خۆراك غاز دابەش بكەن”.
وتیشی” بەپێی سیستەمەكە ئەو هاوڵاتییانەی فۆرمی خۆراكی گەرمیانیان هەیە، تەنها پێویستە فۆرمی خۆراك پیشانی بریكارەكانی غاز بدەن بۆ ئەوەی ژمارەی فۆرمەكانیان لە سیستەمەكەدا تۆمار بكرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئەو هاوڵاتییانەشی كە فۆرمی خۆراكیان سنووری (مادەی 140)ەو لە گەرمیان دادەنیشن، دەتوانن لە كاتی وەرگرتنی غاز كۆپییەك لە فۆرمی خۆراك و كارتی زانیاری یاخود كۆدی ئاسایش بدەن بە بریكارەكانی غاز”.
لەلایەكی تریشەوە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیان لە راگەیەنراوێكدا داوای لەو هاوڵاتییانە كردووە كە تازە هاوسەرگیرییان كردووە و فۆرمی خۆراكیان نییە، وێنەیەك لە هەریەك لە فۆرمی خۆراكی هەردوو خێزان، واتا خێزانی كوڕ و خێزانی كچ، كە ناویان لە فۆرمەكاندا هەبێت، گرێبەسی هاوسەرگیری و كارتی زانیاری یان كۆدی ئاسایش بنێرن بۆ ژمارە تەلەفۆنی (07777166860) بۆئەوەی كۆدیان بۆ درووست بكرێت و لە كاتی وەرگرتنی غازدا بیدەن بە بریكارەكانی غاز بۆئەوەی مافیان نەفەوتێت”.
ئ پ