پژاک وەڵامی ترەمپی دایەوە

مەودا میدیا-

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و رەتیکردەوە هیچ چەکێکیان لەو وڵاتە وەرگرتبێت، داواشی ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرابکرێن کە چەکیان پێدراوە.

گەلاوێژ ئەورین، وتەبێژی پژاک رایگەیاند “لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران لە رێگەی کوردەوە و مانەوەی چەکەکان بەدەست کورد خۆیەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لایەن ئەو لێدوانانە بۆ بەئامانجگرتنی کورد بەکاربهێنن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئامانج لەو جۆرە هەڕەشانە هاندانی ئێرانە لە دژی کورد و هەوڵدانە بۆ شکاندنی متمانەی گەل بەرانبەر بە هێزەکانیان، بەڵام پژاک لەسەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێگەی بەهێزی سیاسی و سەربازیی هەیە و پشت بە هیچ هێزێکی دەرەکی نابەستێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسیی کوردی چەکی لە ئەمەریکا وەرگرتووە، پێویستە بە ئاشکرا بۆ رایگشتی روونیبکاتەوە، چونکە شێواندنی دۆخەکە بەو جۆرە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە و بچووککردنەوەی پێگەی کورد بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و کورد ئەکتەرێکی سەرەکیی ناوچەکەیە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان