سه‌ره‌ڕاى هێرشه‌كان ئه‌مه‌ریكا و ئێران باس له‌ دانوستانى نێوانیان ده‌كه‌ن

مه‌ودا میدیا-

لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان، ئەمmریکا و ئێران ئاشکرایان کرد کە دانوستانەکانی نێوانیان بەردەوامە، ئەمەش لە هەوڵێکی تا راده‌یه‌ك لەرزۆکدایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕى نێوانیان.

ئه‌مڕۆ دووشەممە، سوپای ئەمه‌ریکا و دواتر سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران و ئەمه‌ریکا راگەیاند، بەڵام ناوەڕۆکی دانوستانە بەردەوامەکان لە دەوری یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا دەسوڕێتەوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان و دانانی زەمینە بۆ دانوستانی زیاتر لەسەر پرسە سەرەکییە هەڵپەسێردراوەکان.

دوایین هەموارکردنەکان کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا پێشنیاریان کرد، دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ راوێژکارەکانی، دانوستانەکانی بۆ هەفتەیەکی تر درێژکردەوە.

دوێنێ یه‌كشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال، دوای ئەوەی سوپای ئەمه‌ریکا دوایین لێدانەکانی پشتڕاستکردەوە، ترەمپ نووسیویەتی “ئێران بە نائومێدیەوە دەیەوێت رێککەوتنێک بکات، ڕێککەوتنێکی باشیش دەبێت بۆ ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانی”.

ئەو هەموارکردنە تایبەتانەی کە ترەمپ داوای کردبوو، دەستبەجێ روون نەبوون، بەڵام بەرپرسان رایانگەیاندووە کە ناوبراو پێداگریی لەسەر زمانێکی توندتر دەکات سەبارەت بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەڵێنەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەرپرسێکی بیانی کە ئاگاداری ئەو بابەتەیە بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە “هەموارکردنەکان جەوهەری نین و زۆرتر لە دەوری خواستی ئەمه‌ریکا بۆ گەرەنتی لەسەر ئەو پرسانە دەسوڕێنەوە”.

ترەمپ هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هاوکارییە داراییانەی کە رەنگە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا پێشکەشی ئێران بکرێت، ترسی ئەوەی هەبوو بەراورد بکرێت لەگەڵ “بڕە پارە زۆرەکان” کە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی رادەستکرا کە لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا ئەنجامدرا.

لەبەرامبەردا ئێران هۆکاری خاوبوونەوەی خێرایی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بۆ “نەبوونی متمانە، هەڵوێستە ناکۆکەکان لە واشنتۆن و بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە” گەڕاندەوە.

ئیسماعیل به‌قایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی “دانوستانەکان لە نێوان گومانی زۆر و کەمی متمانەدا دەستی پێکرد و لەم هەلومەرجەدا پەیام ئاڵوگۆڕ دەکرێت، هەردوو وڵات هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی”.

باسى له‌وه‌شكرد “لایەنی بەرانبەر بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت و داواکاری نوێ یان دژبەیەک دەوروژێنێت و سروشتییە کە ئەم دۆخە دانوستانەکان درێژتر بکاتەوە”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان