مەودا میدیا-
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەشێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا بڵاوکردەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند “دوای واژۆکردنی رەشنووسەکە، قۆناغێکی 60 رۆژەی دانووستان بۆ هەڵگرتنی سزاکان دەستپێبکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی کۆتاییش دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت”
بەپێی رەشنووسەکە، خاڵە هەرە گرنگەکان بریتین لە:
1- کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگ لە هەموو بەرەکان، بە تایبەت لە لوبنان.
2-سەروەریی خاک: ئەمریکا بەڵێن دەدات دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆی ئێران و رێز لە سەروەرییەکەی بگرێت.
3-گەمارۆی دەریایی و هورمز: هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 30 رۆژدا بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئێران.
4-کشانەوەی هێزەکان: ئەمریکا بەڵێن دەدات هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
5-ئابووری و نەوت: هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشی نەوت و پترۆکیمیایی و دەستڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە داراییەکانی.
6-قەرەبووی ئاوەدانکردنەوە: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پابەند دەکرێن بە پێشکەشکردنی پلانێکی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە بڕی کەمتر لە 300 ملیار دۆلار.
7-پارە سڕکراوەکان: ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە ماوەی 60 رۆژدا، کە دەبێت نیوەی ئەو بڕە پێش دەسپێکردنی دانوستانەکان بخرێتە بەردەستی تاران.
8-مەرجی دانوستان: دانوستانەکان دەستپێناکەن تاوەکو نیوەی پارە سڕکراوەکان ئازاد نەکرێن و گەمارۆی نەوت و دەریایی هەڵنەگیرێت.
9-پرسی ئەتۆمی: ئێران پابەندیی خۆی بە پەیماننامەی (NPT) دووپات دەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.
10-هێڵی سوور: پرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی گرووپەکانی بەرەی مقاومە بە شێوەیەکی بڕاوە لە کارنامەی گفتوگۆکان دەرکراون و دانوستانیان لەسەر ناکرێت.
ب ح