مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی، لە ئەمڕۆوە بایەكی بەهێز شاری سلێمانی و دەورووبەری دەگرێتەوە و لە رۆژی پێنجشەممەشەوە پلەكانی گەرما بە نزیكەیی دوو بۆ سێ پلە بەرزدەبنەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بای باكوور چالاك بووە، بەڵام رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە چەقی بەهێزی و چالاكی بایەكە دەبێت” .
وتیشی” لە هەریەك لە ئیدارەی راپەڕین، ناوچە شاخاوییەكان، شاری سلێمانی و دەورووبەری، بەشێك لە سنوری هەڵەبجە و باكووری گەرمیان و كەركوك، هەمان بای باكوور ناوبەناو چالاك دەبێت كە بە گشتی خێراییەكەی 25 بۆ 50 كلم دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” بایەكە دەبێتە هۆی پاكبوونەوەی ئاسمانی شاری سلێمانی لە تەپوتۆز و خۆڵبارین و دووكەڵی كارگەكان و لە هەمان كاتیشدا هەندێك جار هەست بە فێنكی تەواو دەكرێت”.
باسی لەوەشكرد” چالاكبوونی بای باكوور نیشانە و پێشهاتی هاتنی شەپۆلی گەرمایە”.
ئ پ