مهودا میدیا-
موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵاى ئێران لە دووهەمین رۆژی ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە تاران درێژەی بە ئامادەنەبوونی خۆی لە رێوڕەسمی پرسەی باوکی، عەلی خامنەیی رێبەری کۆچکردوو دا.
ڕۆژی یەکشەممە، لە تاران نوێژی پرسە بۆ عەلی خامنەیی بەڕێوەچوو، کە جەماوەرێکی زۆر و بەرپرسانی باڵای ئێران ئامادەی بوون. نوێژەکان لەلایەن جەعفەر سۆبهانی تەمەن ٩٧ ساڵەوە سەرپەرشتی کرا.
ئاژانسى فران پرێس ئهو پرسیارهى وروژاندووه و دهڵێت “تا ئێستا روون نییە کە ئایا موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی و رابهرى باڵاى ئێستاى ئێران، له هیچ کام لەو رێوڕەسمە شەش رۆژەیە ئامادە دەبێت یان نا، ئهمه بووهته پرسێك بهلاى ئێرانییهكانیش و بهرپرسانى وڵات و حكومهتى ئێران”.
موجتەبا لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمهریکا و ئیسرائیل کە باوکی لە 28ى شوباتدا کوژرا، کە یەکەم رۆژی ئەو شەڕە بوو کە دوو وڵات لە دژی ئێران دەستیپێکرد، تا ئێستا لەبەردەم خەڵکدا نەبینراوە.
موجتەبا خامنەیی لەو هێرشەدا بریندار بووە و لەو کاتەوە تەنیا لێدوانی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو.
جەماوەرێکی زۆر لە مزگەوتی گەورەی تاران بۆ نوێژ کۆبوونەتەوە و شەقامەکانی دەوروبەری پڕبوون لە ماتەمینی، بەگوێرەی هەواڵنێری ئاژانسی فرانس پرێس.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران لەوان محەمەد باغر غالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دانوستانکاری ئێران بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد، وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن تەلەفزیۆنی دەوڵەتییەوە پەخشکرابوو، دەرکەوت.
بڕیارە تەرمی عەلی خامنەیی تا ئێوارەی یەکشەممە لە ئێران بمێنێتەوە پێش ئەوەی بۆ کاروانی پرسە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە لە شەقامەکانی پایتەخت ئامادە بکرێت.
دەسەڵاتداران ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەیان وەک پشووی نیشتمانی ڕاگەیاندووە و دەڵێن پێشبینی دەکەن تەنیا لە تاران لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن کەس بەشداری بکەن.
ع