مەودا میدیا-
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری جووتیارانی سنوورەکە و ئاسانکاریی لە پرۆسەی رادەستکردنی بەرهەمەکانیاندا، کێشەی ئەو پەنکەرانەی کە لە دەرەوەی سایلۆی کەلار بوون، بە فەرمی چارەسەرکرا.
سروە محەمەد رەشید، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان توانرا پەیوەندیی راستەوخۆ بە (د.حەیدەر ) بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی عیراقەوە بکرێت، لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا و بە رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی کێشەکەیان چارەسەرکرا “.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەمەودوا گەنمی ناو ئەو پەنکەرانە راستەوخۆ دەخرێتە ناو سایلۆی گەرمیانەوە، ئەمەش بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی جووتیارانی ناوچەکە لادەبات کە پێشتر ناچار بوون بە تێچوویەکی زۆر و لەسەر ئەرکی خۆیان بەرهەمەکانیان بگوازنەوە بۆ سایلۆی سلێمانی و سایلۆکانی تر لە هەرێمی کوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو “سەبارەت بە کێشە و گرفتی سایلۆکانی تر لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و تەواوی شار و شارۆچکەکان، گفتوگۆی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی عیراقدا کردووە و بەڵێنی پێداوە گرفتەکانیان چارەسەر بکات”.
ب ح