مەودا میدیا-
هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە کەرتی نەوت بەردەوامە و بەرپرسێکی تری کۆمپانیای نەوتی باکوور هاوشێوەی عەدنان جومەیلی لە شارۆچکەی شەرگات دەستگیرکرا و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەدا گیرا.
شەوی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەی شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین (حەمەد رەمەزان عەباس جومەیلی)یان دەستگیرکرد. ناوبراو بەرپرسی گرێبەستەکان و دۆسیەی کۆگاکان بووە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و دەستگیرکردنەکەشی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی بووە.
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕی 3 ملیۆن دۆلار و 700 ملیۆن دیناری عێراقیدا گرتووە. جگە لە پارە نەختینەییەکە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای جۆری (کادیلاک)ـیشدا گیراوە کە لە حەوشەی ماڵەکەیدا بووە.
لای خۆیەوە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عیراق رایگەیاند “لە درێژەی هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە بەدواداچوونی دۆسییەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بەردەوامە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کۆی گشتیی ئەو پارانەی تائێستا دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ 163 ملیار و 780 ملین دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها دەستیش بەسەر ژمارەیەک خانووبەرە، ئۆتۆمبێل و زێڕدا گیراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەو زێڕ و پارانەی ئەمڕۆ دەستی بەسەرداگیراوە لەناو دەبەی ئاوی پلاستیکیدا لە ناوماڵی تۆمەتبارەکەدا لە شاری تكریت شاردرابوونەوە، لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تری تێوەگلاو لەم دۆسییەدا بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو رێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێن”.
ب ح