دیلان غەفور: عیراق کێشەی کەمبوونەوەی داهاتی هەیە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد عیراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایەو داهات تەواو کەمبووەتەوە، لە سەردانی هەفتەی رابردووی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان بە وردی باسی دۆخی ئابووری و کەمبوونەوەی داهات و هەنگاوەکانی حکومەتی کرد لەپێناو زیادکردنی داهات.

دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەهۆی نەفرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هورمز، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات کە فرۆشتنی نەوتە تووشی گرفت بووە، حکومەت کاردەکات بۆ فرەسەرچاوەکردنی داهات و ئەوانیش لە پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای ئامادەکردووەو رادەستی لیژنەی دارایی کردووە کە ئامانج لێیان زیادکردنی داهاتە لەرێی چاکسازیی وەبەرهێنان، بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی، فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی، مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەیان بۆ کەرتی تایبەت لەپێناو کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر پارەی مووچە”.

ئەوەشی خستەڕوو “حکومەتی عیراق قەرزێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرەو بەدوای رێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، یەکێک لەوانەش فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتە”.

باسی لەوەشکرد ” حکومەت کاری لەسەر دەکات و بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی دەبێت و بودجە لە شێوازی بنودەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامج، ئەم شێوازی بودجەیەش لە وەزارەتەکاندا سەرەتا لە وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت و لە پارێزگاکانیش لە سەلاحەدین و دیوانیە جێبەجێ دەکرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان