مەودا میدیا-
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد ۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە داگیرکارەکان و لەپێناو خواست و بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان ئێستا و ئایندەی ناوچەکەیان رووبەڕووی مەترسی داڕمان و وێرانکاریی کردووەتەوە.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “کورد بەدەرنییە لە مەترسییەکان، لە سوریا کاربەدەستانی وڵاتەکە داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هێزە کوردییەکان دەکەن، لە تورکیاش پرۆسەی بەناو ئاشتی وەک داوێک بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی پێ لاواز دەکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش دووبەرەکی و ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەکان سەنگ و پێگەی کوردی لاواز کردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان، نەتوانراوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، دوورەپەرێزیی نێوان هێز سیاسییەکان بە تایبەتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) و لەم دۆخی نەشەڕ نەئاشتییەی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کورد و هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبن”.
ئەوەشی خستەڕوو “لەبەرانبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و حزبەکەیان لەگەڵ ئاشتی و تەبایی و سیستمێکی دیموکراسیدایە بۆ وڵاتەکەیان، لە هەر ئان و ساتێکیشدا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هەر مەترسییەک ببێتەوە، پێشمەرگەی سۆسیالیست ئامادەی فیداکاری و گیانبەخشینە”.
ب ح