مەودا میدیا-
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد ماوەیەکە لە رێگەی بەناو ڕۆژنامەنووسێکی دەروون نەخۆش و چەندین پەیج و ئەکاونتی ساختە و ئاراستەکراو، بە مەبەست و بە بەرنامە، هێرشی ناوزڕاندن دەکرێتە سەر چەندین ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “ئەم هەڵمەتە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و چەواشەکارییەوە بەڕێوەدەچێت بە شێوەیەک کە ئەو تۆمەتانە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە و درۆ، دەدرێنە دەست ئەو بەناو رۆژنامەنووسە، ئەویش بێ هیچ لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون، یان جەختکردنەوەیەک لە راستی و دروستی زانیارییەکان، هەڵدەستێت بە بەخشینەوەی تۆمەت و بوختانی بێبنەما و دوور لە راستی تاوەکو کەسایەتی و پێگەی ئەم ئەفسەرە دڵسۆزانە لەکەدار بكات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وێڕای رەتکردنەوەی تووندی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانە، بۆ رای گشتی و خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنین کە ئەم ئەفسەرە باڵایانە هەمیشە هەوێنی سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و پێشخستنی دامەزراوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە هەمانکاتدا وەک سەنگەرێکی پۆڵاین وەستاونەتەوە و بوونەتە ڕێگرێکی سەرسەخت لە بەردەم ئەو ئەفسەرە هەڵپەرستانەی تەنها دوای بەرژەوەندیی کەسی کەوتوون. بەو پێیەی رێباز و ئاڕاستەی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە رێگە بە هێنانەدی ئارەزوو و تەماحە ناڕەواکانیان نادات، روویانکردۆتە تۆمەتبەخشینەوە و بوختانی بێبنەما، بەڵام دڵسۆزی و پاکیی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتیان زۆر لەوە بڵندتر و بەرزترە بە هەڵمەتی لەو شێوەیە چەواشەکارانە لەکەدار ببن”.
ب ح