مهودا میدیا-
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئەمهریکا و ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی شوێنی موجتەبا خامنەیی رێبەری نوێی ئێران چڕتر دەبنەوە، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە شوێنی بە نهێنی ماوهتهوه.
ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێنەرایەتیی یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین ئەرکە شاراوەکان دەکات، کە مۆسادی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمهریکا (CIA) بە هەماهەنگییەکی نزیکەوە کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو سەرکردە نوێیە.
رۆژنامەی تایمز بڵاویکردەوە کە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە موجتەبا خامنەیی نزیکەی پێنج مانگە مۆبایل و کۆمپیوتەرێکی بەکارنەهێناوە، پێدەچێت لەناو بنکەیەکی قووڵی ژێر زەویدا خۆی حەشاردابێت و بەدەست سووتاوی و شێواندنی شێوەی دەموچاویەوە دەناڵێنێت کە لە هێرشەکەدا بووە هۆی کوشتنی باوکی، هەروەها لە ترسی ئەوەی لەلایەن مانگە دەستکردەکانی ئەمهریکاوە دەستنیشان بکرێت، خۆی لە تیشکی رۆژ بەدوور دەگرێت.
لە تیرۆرکردنی باوکیدا، واشنتۆن و تەلئەبیب پشتیان بە تەکنیکە سیخوڕییە ئاڵۆزەکان بەستووە کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمهریکا و یەکەی هەواڵگری ئیسرائیل 8200 هەماهەنگ کرابوون، ئەمەش بریتی بوو لە هاککردنی کامێرای هاتوچۆ لە تاران بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵەکانی رێبەری باڵاى پێشوو و یاریدەدەرەکانی، ئەمەش بووە هۆی ناسینەوە و نەهێشتنی وردی سەرکردایەتیی باڵا، بەڵام بە وتەی شارەزایانی هەواڵگری، دۆخی ئەمڕۆ بە تەواوی جیاواز دەردەکەوێت.
بەرپرسانی پێشووی هەواڵگری جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشت بەستن بە تەنیا بە تەکنەلۆژیا کاریگەر نەماوە، بە تایبەت دوای ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە ئاڵۆزەکانی پێشوو.
رامی ئیگرا، بەرپرسی پێشووی فیرقەی مۆساد دەڵێت “ئەو تەحەدایە زۆر هاوشێوەی ئەوەیە کە رووبەڕووی بووینەوە لە هەوڵدان بۆ دیاریکردنی شوێنی بارمتەکان لە غەززە، هەواڵگری هەموو وردەکارییەکی کۆنترۆڵ دەکرد، بەڵام تووشی سنوورداربوونی تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنیی و نەبوونی توخمێکی مرۆیی ڕاستەقینە بوو”.
ئیگرا روونی کردەوە کە ئەگەر موجتەبا خامنەیی هێشتا لە ژیاندا بێت، پشت بە تۆڕێکی زۆر نهێنی لە کوریەر دەبەستێت کە تێبینی دەستنووس دەگەیەنن، بە کردەوە هیچ ئامرازێکی ئەلیکترۆنییان نییە، ئەمەش وا دەکات کە وەرگرتنی بریکارێکی مرۆیی کە بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵدا هەبێت، تاکە رێگە بێت بۆ چوونە ناو بازنەی ناوەوەی.
ڕاپۆرتەکان لەناو بازنەکانی هەواڵگریدا ناکۆکن، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ناوبراو لە ئێستاوە مردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سوپای پاسدارانی ئێران بیرۆکەی مانەوەی ئەو بۆ پاراستنی شەرعییەتی رووبەڕووبوونەوەکە بەرەوپێش دەبات.
لە لایەکی دیکەوە شارەزایانی تر ئاماژە بە بەکارهێنانی تاکتیکی تەقلیدی زانیاریی ناڕاست دەکەن، لەوانە بەکارهێنانی لووکالیک و دووانە، ئەمەش وا دەکات کە بە وردی ناسنامە و شوێنی پشتڕاستکردنەوەی قورستر بێت، جا چ لە تۆڕی تونێلەکانی تاران بێت یان لە بنکەرە قەڵادارەکانی نزیک قوم.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی بەرگریی ئەمهریکا ڕایگەیاندووه “ئەگەر مۆساد و سی ئای ئەی بتوانن شوێنی موجتەبا بدۆزنەوە، ئەوا سەرکردە سیاسییەکانی ئەمهریکا و ئیسرائیل دەبێت لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە بڕیار بدەن کە چۆن مامەڵە بکەن”.
ع