کوردستانی

رێگریکردن لە راگەیاندنی سەربەخۆيی کوردستان، یەکێکە لە مەلەفەکانی ناو جانتاکەی خولوسی ئاکار

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێگریکردن لە راگەیاندنی سەربەخۆيی کوردستان، یەکێکە لە مەلەفەکانی ناو جانتاکەی خولوسی ئاکار
مەودا میدیا-

وەزیری بەرگریی تورکیا لە عیراقە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و میدیایەکی جیهانیش ئاشکرای دەکات کە رێگریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان یەکێکە لە دۆسییەکان کە لە سەردانەکەدا، خولوسی ئاکار لەگەڵ خۆی هێناوە.

ماڵپەڕی مۆنتی کارلۆ بڵاویکردووەتەوە کە لە سەردانەکەیدا خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکانیان.

ماڵپەڕەکە ناوەڕۆکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عیراق ئامادەی کردووە و داوا دەکات هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەربکرێن.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕەکە، ئاکار دەیەوێت بەرپرسانی عیراقی تێبگەیەنێت کە چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە واتای رێخۆشکردن دێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان.

"بەرپرسانی عیراقی دوودڵن لەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا پشتیوانی کوردەکان بکات بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆیە دەیانەوێت لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکەن بۆ رێگریکردن لەو ئەگەرە" مۆنتی کارلۆ وای بڵاوکردووەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش مستەفا کازمی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، رایگەیاند "عیراق لە توانایدایە کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە دەکرێنە سەر تورکیا، رێگەنادەین خاکی عیراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت".

هەر ئەمڕۆش محەمەد ئەمین پینجوێنی، سیاسەتمەدار و شارەزا لە کاروباری تورکیا لەبارەی سەردانەکەوە بە مەودا میدیای وت "بێگومان هەر کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری بەرگریی تورکیا و بەرپرسانی عیراق ئەنجامبدرێت پەیوەندیی بە شەڕی ئەو وڵاتە و پەکەکە و هێزە کوردییەکانەوە هەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەرێکی بەهێزە لەدوای ئەو سەردانەی وەزیری بەرگری، هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان بچێتە قۆناغیکی نوێ و ئەوەش مەترسیدارە".

ب.م

Qaiwan
Qaiwan