کوردستانی

یەکێتی داوای بە سزاگەیاندنی گەندەڵکارانی ئیدارەی کەرکوک دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی داوای بە سزاگەیاندنی گەندەڵکارانی ئیدارەی کەرکوک دەکات
مەودا میدیا-

مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا جەختی لە بۆچوونی پەرلەمانتارەکانی کردووەتەوە کە داوایانکردبوو بودجەی کەرکوک رابگیرێت "لەبەر ئەوەی لە دەستێکی ئەمیندا نییە".

لە راگەیەنراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست مەودا میدیا کەوتووە، هاتووە "ئێمە پشتیوانی بۆچونی پەڕلەمانتاران بەگشتی ‌و ڕێبوار تەها بەتایبەتی دەکەین، وەک نوێنەرانی ڕاستەقینەی کەرکوکیەکان بە سەرۆکایەتی په‌رلەمان ‌و لیژنەی داراییان وت؛ تکایە شایستە داراییەکانی کەرکوک ڕاگرن، جگە لەکەرتی تەندروستی‌و خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی‌و پاککردنەوە، قەرەبوی زیانلێکەوتوانی ماددەی 140ی دەستوری، چونکە ئیدارەی کەرکوک ئیدارەیەکی فاشل‌و نادادپەروەرو گەندەڵە، جیاوازیش دەکات لەنێوان پێکهاتەو گەڕەکانی کەرکوک، بەتایبەتی لەجێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ گەڕەکەکانی شارو قەزاو ناحیەکانی".
 
 ئاماژە بەوە کراوە "لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە لە شارێکی دەوڵەمەند و پڕ لە سامانی سروشتی وەک کەرکوک بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی ئیداریەوە لەکۆی 24 کاژمێر تەنها 4 کاژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، هاوکات کەرکوک بوە بەزبڵدانێکی گەورەو غەرق بوە لەخاشاک‌و پیسی‌و زبڵ کە لەمێژوی هەموو دەسەڵاتی کارگێڕی کورددا کەرکوک بەم دۆخە خراپ‌و ماڵوێرانیەی ئێستا گوزەری نەکردوە".
 
 لەو راگەیەنراوەدا جەختکراوەتەوە "بەهۆی خراپ بەکارهێنانی بودجەی شارەکە لەلایەن ئیدارەی بەزۆر سەپێندراو، داوادەکەین شایستە داراییەکان ڕادەستی دەستێکی ئەمین بکرێت، هاوکات داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان ‌و لیژنەی دارایی ‌و حکومەت دەکەین ئاوڕی زیاتر لە دۆخی خراپی دەسەڵاتی کارگێڕی کەرکوک بدەنەوە ‌و لەم قەیرانانە ڕزگاری بکەن ".

داواشکراوە "گەندەڵکاران بەسزای یاسایی بگەیەنن جا هەرکەس ‌و لایەنێکە، هاوکات دەزگای نەزاهە و چاوەدێری دارایی چڕو وردتر بە ئەرکە یاسایی ‌و کارگێڕیەکان لە ئەستۆ بگرن".

ب.م

Qaiwan
Qaiwan