کوردستانی

هاوسەرۆکانی یەکێتی: لامەرکەزی دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ حکومەتی هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوسەرۆکانی یەکێتی: لامەرکەزی دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ حکومەتی هەرێم
مەودا میدیا-

هاوسەرۆکانی یەکێتی رایانگەیاند هەموو هەوڵیک دەخەنەگەڕ بۆ دابیینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان، ئاماژەیان بەوەشکردووە لامەرکەزی دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ حکومەتتی هەرێم.

دوای کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە و ئەوەی تێدا هاتووە "ئەمڕۆ سێشەممە ١٩/١/٢٠٢١، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازییان کرد لە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی".

باس لەوەش کراوە "لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوەکانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانیش دووپات کرایەوە بە ئامانجی سازکردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەکان". 

بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە "هاوسەرۆکانی یەکێتیی جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە، تەئکیدیشیان لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت".

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا لامەرکەزیان بە خاڵێکی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم".

"هاوسەرۆکانی یەکێتیی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتایی هێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت" لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە هاتووە. 

ب.م

Qaiwan
Qaiwan