کوردستانی

خولوسی ئاکار: توركیا و هەولێر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی 'تیرۆر' هاوكاری یەك دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


خولوسی ئاکار: توركیا و هەولێر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی 'تیرۆر' هاوكاری یەك دەكەن
مەودا میدیا- 

وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند رەنگە لە داهاتوودا توركیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان هاوكاری یەكتر بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر" كە مەبەستی پارتی كرێكارنی كوردستانە.

خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال رایگەیاند "لە نزیکەوە چاودێری دەکەین، بە لایەنەکانمان وتووە ئەگەر پشتیوانیان دەوێت ئێمە ئامادەین دابینی بکەین". 

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی قسەی زیاتری وەزیری بەرگریی توركیای بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لە ئەنجامی ئەو ھاریکارییەی ھەم لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و ھەمیش بەغدا ئەنجامی دەدەین دەتوانین بڵێین پێداگرین لەسەر کۆتاییھێنان بە تیرۆریستیان". 

لەبارەی هاوكارییكردنی نێوان توركیا، عیراق و كوردستانەوە لەبارەی كێشە ئەمنییەكانەوە، خولوسی ئاكار وتوویەتی "رەنگە لە قۆناغی داھاتووماندا ھاریکاری تورکیا- عیراق و تورکیا- ھەولێر ببێتە ھۆی کۆمەڵێک پێشھاتی زۆر گرنگ لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

لەبارەی ئەو قسانەی خولوسی ئاکارەوە، فایەق گوڵپی سیاسەتمەدار و شارەزای سیاسەتی تورکیا، بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمە یەکەم جار نییە بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی ئەوە بکەن گوایا لەگەڵ هەرێم و عیراق پەکەکە لەناودەبەن، بەڵام هیچ جارێک ئەو پلانە سەرکەوتوو نەبوو".

ناوبراو روونیکردەوە "ئێستا زستانە و شەڕکردن لە چیاکانی قەندیل دژی پەکەکە، بۆ سوپای تورکیا کارێکی ئەستەمە، ئەوان لە هاونیشیدا نەیانتوانیوە لە قەندیل چالاکی ئەنجامدار بەجێبگەیەنن، نەک ئێستا".

جەختیشیکردەوە "نە هەرێم و نە عیراق ئەو توانا و دۆخەیان نییە کە بتوانن هەنگاو گەورە لەوبارەیەوە بنێن، نموونەی شنگالمان لەبەردەستە کە هەرسێ لایەنی ناوبراو رێککەوتن لەسەری، بەڵام رێککەوتنەکەش جێبەجێنەکرا، چوونکە نەتوانن ئەو هەنگاوە بنێن".

باسی لەوەشکر "کێشەی کورد لە تورکیا کە پەکەکە نوێنەرایەتی دەکات، بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت، دەبێت چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە".

 ب.م

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە