عیراقی

داوا دەکرێت مووچەی توێژێکی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە سەر حکومەتی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


داوا دەکرێت مووچەی توێژێکی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە سەر حکومەتی عیراق
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکرێت بەمەبەستی گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی شاری کەرکوک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکومەتی عیراق، ئەندامی لیژنەی پەروەردەش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت "گواستنەوەی مووچەی ئەو مامۆستایانە بۆ سەر حکومەتی عیراق پێویستی بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".

مەریوان نەسرەدین، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "چەندین ساڵە مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک داوا دەکەن مووچەکانیان بخرێتە سەر حکومەتی عیراق و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەمێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست مووچەی دابەش نەکردووە، ئەمەش جیاوازی دروستکردووە لە رووی مەعنەویی و ئابوورییەوە لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە مووچەکانیان لەسەر بەغدایە".

مەریوان نەسرەدین وتی "ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەران کارمان لەسەر داواکاری ئەو مامۆستایانە دروستکردووە، بۆ ئەوەی مووچەکانیان بگوزاینەوە سەر حکومەتی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوێکم ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق کردووە و واژۆی پێویستم کۆکردووەتەوە بۆی پشتیوانمان بکەن لە بودجەی 2021دا مووچەی ئەو مامۆستایانە بچێتە سەر وەزارەتی دارایی عیراق و جێگیر بکرێت".

وتیشی "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بە پەراوێزی بەپەلە نوسراوەکەی ئاراستەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، بەڵام گواستنەوەی مووچەی ئەو مامۆستایانە بۆ سەر حکومەتی عیراق پێویستی بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان