عیراقی

بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری دەنگ نەدانی بە هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ئاشکرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری دەنگ نەدانی بە هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ئاشکرا دەکات
مەودا میدیا-

دوو ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەیانێکیان سەبارەت بە هەڵەی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بڵاوکردەوە و داوایانکردووە هەمان هەڵەی شێوازی دانانی ئەندامانی کۆمسیۆن لە دادگاکەدا دوبارە نەکرێتەوە.

یوسف محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "ئەمڕۆ لە بەیانێکی هاوبەشدا لەگەڵ د. بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، باسمان لە هەڵەی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی کرد، هەروەها داوامان کرد هەمان هەڵەی شێوازی دانانی ئەندامانی کۆمسیۆن لە دادگاکەدا دووبارە نەکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "تێپەڕاندنی هەمواری فەرمانی تەشریعیی ژمارە 30ی ساڵی 2005 لە ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگدانی زۆرینەی سادە هەڵەیەکی گەورە بو و، سەرپێچیی ناوەڕۆکی بڕگەی دوەمی مادەی 92ی دەستوور بو کە ئاماژە بەوە دەدات کە دەنگدان بە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی پێویستی بە دەنگی دۆسێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت، لەم دەقەی دەستوور ئەوە تێدەگەین کە هەر یاساکارییەک سەبارەت بە دادگای باڵای فیدراڵی، پێویستی بە دەنگدانی دۆسیەیەکی پەرلەمانتاران هەیە، دادگای باڵای فیدراڵیش هەر بەو ئاڕاستەیە رۆشتووە لە خستنەڕوی رای خۆی ژمارە (107) لە ساڵی 2012 لە وەڵامی پرسیاری لیژنەی یاسایی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاری ژمارە (38)ی ساڵی 2019".

ئەوەشی وتوە "ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوامان کرد کە دەنگدان لەسەر هەموارەکە بە زۆرینەی دۆسیەیەک بێت، هەر بۆیەش کە ئەوە پەسەند نەکرا بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدانمان نەکرد لەسەر هەموارەکە، ئێستاش هیواخوازین کە ئەم هەڵەیە راست بکرێتەوە، چونکە هەر بڕیارێکی دادگای نوێی فیدراڵی شەرعییەتی لەژێر پرسیار و مشتومڕی لایەنە جیاوازەکان ئەبێت، بە تایبەت کە بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش بەپێی دەستوور دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات".

راشیگەیاندووە "هەڵبەت هەمواری یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 بژاردەی کەمتر خراپ (أهون الشرین) بە بەراورد بە تێپەڕاندنی یاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی کە کێشەکانی زۆر زیاتر بون و ئێمە سەرکەوتو بوین لە وەستاندنی، (لەماوەیەکی نزیک دا کۆی لایەنە جیاوازەکانی ئەم پرسە دەخەینەڕوو)، پێویستە لە دانانی ئەندامە نوێیەکانی ئەم دادگایە هەڵە و کەموکوڕییەکانی چۆنییەتیی دانانی دادوەرانی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق دوبارە نەکرێتەوە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەموو ئەو دادوەرانە بکرێتەوە کە مەرجی یاساییان تێدایە، لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و دەستپاکی و توانای ئەکادیمی، دادوەرانی دادگاکە دەستنیشان بکرێن بە رەچاوکردنی بنەمای هاوسەنگیی پێکهاتەکان کە بنەمایەکی دەستوورییە نەک بەشبەشێنەی حزبی".

ئەوەشی نووسیوە "دەستگیرکردنی شیکەرەوەی سیاسیی عیراقی ئیبراهیم سومەیدەعی بە هۆکاری دەربڕینی رای تایبەتی خۆی لەسەر ئەم پرسە لە یەکێک لە گروپەکانی پەیوەندیی ئەلکترۆنی (وەک باس دەکرێ)، پێشهاتێکی مەترسیدارە، داوا دەکەین دەسەڵاتی دادوەریی عیراق زیادەڕۆیی نەکات لە جێبەجێ کردنی ئەو مادانەی یاسای سزادانی عیراقی کە جێی مشتومڕن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان