کوردستانی
تەرمى د. کەمال مەزهەر مێژوونووسى کورد لە ئەڵمانیاوە دەگاتەوە کوردستان
مەودا میدیا - سلێمانی |

مهودا میدیا-
بڕیارە ئەمشەو تەرمى مێژوونووسى کورد د. کەمال مەزهەر، بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سبەینێش لە سلێمانى بەخاکدەسپێردرێت.
د. هەڤاڵ ئهبوبهكر، پارێزگاری سلێمانی، له لاپهڕهی تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتيی فهیسبووك، رایگهیاند "وابڕیارە ئەمشەو تەرمی کەسایەتیی ئاکادیمیی و نیشتمانیی کوردستان، کۆچکردووی خۆشەویستمان بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر، بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و پێشوازیی لێبکرێت".
راشیگهیاند "بەیانی رۆژی چوارشەممە لە مەراسیمێکی تایبەتدا له ههولێر پێشوازیی رەسمیی لێدەکرێت و، بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت، لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێدەکرێت و بە مەراسیمێکی شایستە بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەکرێت".
پارێزگاری سلێمانی، ئاماژهی بهوهشكردووه "بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە پێویستە هەمووان پابەندی رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن".
نووسەر و مێژوونووسی کورد، د. کەمال مەزهەر لەتەمەنى 84 ساڵیداو، رۆژی16 ی ئاداری 2021 لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
د. کەمال مەزھەر ئەحمەد، لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لە ساڵی 1959 لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرتووه، لە ساڵی 1969 لە ئینستتیوتی رۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت.
لە چەندین زانکۆی عەرەبی وانەی وتووەتەوە و ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بوو، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و رووسی وانەی وتووەتەوە و وەرگیڕانی کردووە.
هـ،ع
بیروڕا



