کوردستانی
هەولێر، پیاوێک بە شێوازێکی سەیر تۆڵەی خۆی دەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
پۆلیسى هەولێر، دەستگیرکردنى پیاوێکى راگهیاند، بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە به ئۆتۆمبێلەکەى لە پیاوێکى ترى داوەو کوشتویەتى، لەسەر هەمان رووداویش دوو ژن دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "بەشی قەزای دەشتی ھەولێر بنکەی پۆلیسی شاوێس، دوای ئاگادارکردنەوەيیان کەوا لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تۆمەتبارێکی دانیشتووی شاوێس، بە ناوی (ع.ح.ا) لەسەر رێگای پیرمام بەئەنقەست و بە خێراییەکی زۆر هاوڵاتییەکی بە ناوی (سەباح عەلی حەمەد) شێلاوە و، دواتر گیانی لە دەستداوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان تۆمەتباری ناوبراو، کە لە شوێنی رووداوەکە هەڵهاتبوو لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێردا دەستگیر بکەن".
ئاشکراشیکردووە "هێزەکانی پۆلیس، هەر لەسەر ئەو کێشەیە، دوو تۆمەتباری دیکەی ئافرەتیان بە ناوەکانی (ن.ر.ح) و (ز.ا.ع) دەستگیرکرد".
پۆلیسى هەولێر، ئاماژەى بەوەشکردووە "هەرسێ تۆمەتبارەکە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەریان، رادەستی دادگا کران بەپێی ماددەی 406 لە یاساى سزادانى عیراقى".
هـ.ع