کوردستانی
د. سامان بەرزنجی، ئەو چین و توێژانە ئاشکرادەکات کە ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدەدرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 43 هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەو چین و توێژانە ئاشکرادەکات کە ڤاکسینەکەیان پێدەدرێت.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ هەینی 26ی ئاداری 2021، 43 هەزار و 800 ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان، کە یەکەم کاروانی ڤاکسینی "ئاسترازێنیکا"یە دەگات و، کاروانی تریش لەماوەکانی داهاتوو دەگات".
راشیگەیاند "بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، چین و توێژە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە ڤاکسینەکەیان پێدەدرێت و، ئەولەویەت بۆ کارمەندانی تەندروستییەو، پاشان هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەو، ئەو هاوڵاتییانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە".
د.سامان بەرزنجی، ئاشکراشیکرد "لەماوەیەکی نزیکدا سیستمێکی ئەلیکترۆنی دادەنرێت و هاوڵاتییان دەتوانن ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین".
ماوەی چەند رۆژێکە بەشێوەیەکی بەرچاو توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تەندروستیش داوای خۆپارێزی بەردەوام لە هاوڵاتییان دەکەن.
ه.ع