کوردستانی

رۆژهەڵاتى کوردستان.. لە ساڵێکدا 80 کۆڵبەر کوژراون و گیانیان لەدەستداوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رۆژهەڵاتى کوردستان.. لە ساڵێکدا 80 کۆڵبەر کوژراون و گیانیان لەدەستداوە

مەودا میدیا-

به‌پێى ئامارێکى ناوه‌ندی مافى مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ماوه‌ی ساڵێكی رابردوودا  80 كۆڵبه‌ری کورد كوژراون و گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ناوه‌نده‌كه‌دا هاتووه‌، "کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان، بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌ لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان".

ناوه‌ندی مافی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئاشكراشیكردووه‌ "لەماوەی ساڵێكی رابردوودا 226 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد، بەهۆی تەقەی راستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی به‌هۆی راونان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ و، هەروەها ره‌قبوونه‌وه‌ لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ "وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 226 قوربانییەی ساڵێكی رابردوودا 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 146 کەسیش بریندار بوون".

بەشێکى بەرچاوى هاوڵاتییانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، بەمەبەستى پەیداکردنى بژێوى ژیانیان کارى کۆڵبەرى لە ناوچە سنورییەکانى نێوان رۆژهەڵات و باشور  لەلایەک و، رۆژهەڵات و باکورى کوردستان لەلایەکى ترەوە دەکەن.

هـ.ع
Qaiwan
Qaiwan