کوردستانی
پارێزگای هەولێر: ئەگەری راگەیاندنی کەرەنتینەی گشتی هەیە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک بڕیاری وەکو رێکاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و تیایدا هاوڵاتییان پابەند کراون بە بەستنی ماسک و کۆبوونەوە و پرسەدانانیش قەدەغەکراون.
ئەمەش کۆی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرە کە لە نۆ بڕیار پێکهاتوون:
یهكهم: دوای وەرگرتنی راو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردەوە لە وەرگرتنی رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی ەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و سەلامەتی گشتیی شارەکەمان، پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات رێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دووەم/ بەهەموو شێوەیەک، هەموو جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوە و کۆڕ و سمینار و کۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵەكانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان داخراو دهبن، هێزەکانی ناوخۆ و تیمهكانی شارەوانی بە وردی چاودێری دەکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم/ تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان)، دەبێت سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ههرشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆک، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
چوارەم/ دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و داموودەزگایەکی حکومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.
پێنجەم/ کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، رەچاوی دووری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بكهن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، هەر شوێنک پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک راسپێردراون و بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
حەوتەم/ سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و مەفرەزەکانی، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەشتەم/ دۆخەکە هەستیارە و رەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ لەدوای رۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بە رەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و رەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
نۆیەم/ لەبەیانییەوە رۆژی دووشەمە 2021.3.29، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و پابەندبوونیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.
ئەو بڕیارانە سهرجهم قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر 12ی ئەمشەو 28 لەسەر 29ی ئاداری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
28ی ئاداری 2021
ه.ع
بیروڕا



