کوردستانی
مەودا میدیا ژمارەی داعشەکانی ناحیەی کوڵەجۆ و دەوروبەری ئاشکرادەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەرپرسی ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆی سەر بە قەزای کفری ئاشکرای دەکات، ژمارەیەکی کەمی چەکداری داعش لە ناوچەکەدا هەن، ئاماژە بەوەش دەکات داعش لە ناوچەکە توانای کۆنتڕۆڵکردنی هیچ شوێنێکی نییە.
شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەریی ئاسایشی کوڵەجۆ بە مەودا میدیای راگەیاند "بەپێی زانیارییەکانمان لە سنووری ناحیەکەماندا تەنها حەوت تا 10 چەکداری داعشی لێیە، کە ماوەیەک جارێ چالاکییەکی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".
راشیگەیاند "ئەو چەکدارانە بەهۆی کەمی رێژەیانەوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی هیچ گوند و شوێنێکیان نییە، بەڵکو تەنها چالاکی پارتیزانییان هەیە بۆ ئەوەی بڵێن کە بوونیان هەیە لە ناوچەکەدا و هێشتاش کۆتاییان پێنەهاتووە".
کوڵەجۆ کۆتا سنوری جیاکەرەوەی دەسەڵاتی نێوان هێزی سەربازی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقییە، کە پێشمەرگە کوڵەجۆ و دەوروبەری دەپارێزێت، بەپێی وتەی فەرماندە سەربازییە کوردەکانیش "بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنییەوە لەنێوان هەردوولادا داعش سوود لەو بۆشاییانە دەبینێت و چالاکی تیادا ئەنجام دەدات".
ه.ع