چاوپێكەوتن

مەهاباد شێخ لەتیف: وەک خانەوادەی حەفید، لەئێستادا کەسمان سیاسەت ناکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەهاباد شێخ لەتیف: وەک خانەوادەی حەفید، لەئێستادا کەسمان سیاسەت ناکەین
کچی شێخ لەتیف و نەوەی یەکەم مەلیکی کوردستانە، لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ و شۆڕشگێڕی کوردستانە و لە سەردەمی دروستبوونی عیراقەوە خانەوادەکەیان سەرکردایەتی شۆڕشەکانیان کردووە دژ بە ئینگلیز و دەسەڵاتی ناوەند. لە دایکیشەوە نەوەی سەلیم خانی بانەیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بنەماڵەیەکی ناودار و دەستڕۆیشتوو و کوردپەروەرن. هەروەها خۆیشی خاتوونێکی لێهاتوو و کوردپەروەرە، کە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە تێکەڵاوی سیاسەت بووە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا کەمتەرخەمی نەکردووە لە خزمەتی گەلەکەی... ئەو خاتوونە، خاتوو مەهابادە کە بەپێویستم زانی لەم زنجیرە چاوپێکەوتنە مێژووییەدا، تیشکێک بخەینە ژیان و کار و چالاکییەکانی.
 
سەرەتا کەی و لەکوێ لەدایکبوویت؟
ناوم مەهاباد شێخ لەتیف شێخ مەحمودی حەفیدە، بەناوی کۆماری مەهابادەوە ناونراوم. لە 24ی تشرینی دووەمی 1950 لە سیتەک لەدایکبووم، لە خێزانێکی ئایینی و نەتەوەیی. 

وەک ئاشکرایە، بەڕێزتان هەم لە باوک و هەم لە دایکەوە لە بنەماڵەی دەسەڵاتدار و گەورە و ناسراوی کوردستانن، کە پێگەیان بەرز و دیارە، دەمەوێت کورتە باسێکی خانەوادەکەتمان بۆ بکەیت و دەشپرسم کچێک لەو سەردەمە و لە خانەوادایەکی وادا چۆن پەروەدە بووە و هەڵسوکەوتی کردووە؟
باوکم کوڕی شێخ مەحمودی نەمرە. دایکم کچی سەلیم خانی بانەیە. سەلیم خان پیاوێکی کوردپەروەر بووە، تا لەژیاندا بووە نەیهێشتووە دەسەڵاتی شا بچنە ئەو ناوچەیە، بەڵام بە دەسیسەی شا ژەهرخواردیان کردووە و هەر لە بانەش نێژراوە.
دایکم ناوی تەڵا خانە، لە یەکێتی ئافرەتان کاری دەکرد لەگەڵ خاتوو بەهیە مەعروف و شەفیقە سەعید و مونیرە قەفتان و ئەنجوم زوهدی و درەخشان حەفید و رووناک خانی دایکی دکتۆر بەرهەم.
لە ماڵێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغدا ژیاووم و پەروەردە بووم، ماڵێک پڕ بوو لە کەسانی سیاسی و ئەدەبدۆست و خەڵکی لێقەوماو و خاوەن کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەو جۆرە کەسانە روویان دەکردە ماڵی ئێمە و دەبوایە بەردەوام خەریکی پەیوەندی بین لەگەڵیان.
لە خێزانێکدا گەورە بووم لە هەموو جۆرە توێژێکی کۆمەڵی تیا بوو؛ هەژار، جووتیار، دەوڵەمەند... هتد، وا راهاتبووین لەگەڵ هەژار هەژار بین و لەگەڵ جووتیار جووتیار و لەگەڵ دەوڵەمەند دەوڵەمەند. وا پەروەردەیان کردبووین بۆ ئەوەی جێگەی خۆمان بکەینەوە؛ دەبێ وەک خەڵک بژین و لە ئازاریان تێبگەین و بەتەنگیانەوەبین.
جگە لەو چینە کۆمەڵایەتییانەی ئێرە، خەڵکانی شۆڕشگێڕیش لە کۆماری مەهابادەوە دەهاتنە لامان و دەمانەوە، وەک: مامۆستا زەبیحی، غەنی بلوریان، شێخ محەمەد سابڵاغی، مەلا سەعید، مەلا عەبدوڵڵا بۆکانی، حاجی محەمەدی رەشادی... هەروەها کەسوکارەکانی دایکم لە پارتی دیموکراتی ئێران.
لە لایەکی تریشەوە، ژیانمان زۆر ئاڵۆز بوو، باوکم کەسێکی سیاسەتمەدار بوو، یا دەربەدەر و دوورەوڵات بوو، یا زیندانیی بوو، یا پێشمەرگە بوو، بەو هۆیەوە ژیانمان سەقامگیر نەبوو. باوکم لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە بەشداری خەباتی شۆڕشگێڕی و چەکداریی کوردی کردووە. تەمەنی 20 ساڵ بووە کە پارتێکی رامیاریی دامەزراندووە بەناوی (کۆمەڵی برایەتی)یەوە. هەموو توانای بۆ سەربەستیی نەتەوەکەی تەرخان کردبوو، هەروەها بە هەموو توانایەوە بەشداریی دامەزراندنی کۆماری مەهابادی کردووە. باوکم، جگە لەوەی سەرکردەیەکی لێهاتووی کوردپەروەر بوو، شاعیریش بوو.

باسی یەکەم یادەوەریی سەردەمی منداڵیتم بۆ بکە لەگەڵ باپیرت (شێخ مەحمودی نەمر)؟
لە ساڵی 1955 هاتینە شاری سلێمانی، دوای ماوەیەکی کەم باوکم لەلایەن رژێمی ئەوساوە دەستگیر کرا، باپیرم (شێخ مەحمودی نەمر) دایکمی زۆر خۆشدەویست، لە داریکەلی ناردی بەدواماندا، لە سەرەوە بوو، زۆر بە ئەستەم هاتە خوارەوە، جێپەکەی راگرتبووین و یاریی لەگەڵ مندا دەکرد. شنۆی خوشکم شیرەخۆرە بوو لە باوەشی دایکمدا بوو، یەکەم جار بۆ ئەو پێکەنی. وتی "دەچمە بەغدا هەوڵ دەدەم لەتیف بەر بدەم و چارەسەری خۆشم دەکەم". هەتا وتی: "کە گەڕامەوە، لای خۆتان ژوورێکی قاتی خوارەوەم بۆ چاک بکەن، لەگەڵ ئێوە دەبم تا خانوویەک دروست دەکەم هەر بەیەکەوە دەژین".

ئەو کاتەی کە باپیرت کۆچی دواییکرد، ئێوە چیتان کرد و لەکوێ بوون؟
لە شاری بەغدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان بەناوی (حەیدەریە) بەهۆیەکی نەزانراو، دوای ئەوەی دەرزییەکی لێ دەدەن، لە 9ی تشرینی یەکەمی 1956 دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت. باوکم لە زیندانی سلێمانی بوو و ئاگاداری هیچ نەبوو. خەڵکی سلێمانی بەخۆپیشاندانەوە چووبوونە بەردەمی بەندیخانە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت و لە پرسەکەی باوکیدا بەشدار بێت. کاتێک تەرمی باپیرمیان هێنایەوە سلێمانی، لەبەر دەرکی سەرا خۆپیشاندانێکی گەورە کرا و پێکدادان دروست بوو لەنێوان هاوخەمانی مەلیکی کوردستان و دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە، بوو بەهۆی شەهیدبوونی ئەختەر خانی خێزانی هونەرمەند رەشۆڵ و چەند کەسێکیش بریندار بوون. بۆ ئەوەی باوکم ئاگادار نەبێ و خەڵکی شار زیاتر نەورووژێن، باوکمیان بۆ زیندانی شاری بەسرا گواستەوە و باوکم هەر نەیزانیبوو.
ئەو ساڵە ماڵمان لە سەرشەقام بوو، لە قوتابخانەی زەهرە بووم، بەڵام پێیان وتین لەو شوێنە نەمێنین بەهۆی باری ئەمنیی ئەوسا، سەید برایمی مامم نائب بوو لە بەغدا، ئێمە چووینە ماڵی ئەوان لە گەڕەکی شێخان. لەوێ چوومە خوێندنگەی عیراقیەی کچان و هەر لەوێش سەرەتاییم تەواو کرد، هەموو پێنجشەممەیەک وەک دەنگخۆشێک دەیانهێنامە دەرەوە بۆ سڵاوی ئاڵا، سروود و شیعریشم دەوت. 

یەکەم جار چۆن تێکەڵاوی کاری سیاسیی بوویت؟
دوای ئەوە چوومە ئامادەیی سلێمانی، لەوێ کچێک پەیوەندی پێوە کردم بۆ ئەوەی لەناو یەکێتی قوتابیان کار بکەم، منیش ئامادەییم دەربڕی و چوومە ریزەکانیان. یەکەم کۆبوونەوەم مامۆستا جەمال تاهیر سەرپەرشتی کرد و بەرپرسمان بوو. چالاکیی زۆرمان هەبوو لە خۆپەروەردەکردن بە کتێبخوێندنەوە، هەروەها بە خۆپیشاندان لە ئامادەیی کچانەوە دەڕۆیشتین بەرەو ئامادەیی سلێمانی کوڕان و لەوێشەوە بەرەو بەر دەرکی سەرا بە هوتاف کێشان دژی رژێم. 
لەناو حزبیشەوە پەیوەندییان پێوە کردم، لوتفیە ئیبراهیم سەرپەرشتی دەکردین، لەگەڵ مونیرە عەبدول، خوشکی مامۆستا جەمال عەبدول، عائیشە رەسوڵ، پرشنگ ئەحمەد، مامۆستا سەبیحە... هەموومان لە شانەیەک بووین و بەیەکەوە کارمان دەکرد. هەروەها لەناو قوتابیانیش کاتێ لە زانکۆ بووم چەندین شانەم لابوو و بەرپرسیارێتی زۆرم وەرگرتبوو.
لەناو قوتابیان لە زانکۆ، دکتۆر حەمە سابیر بەرپرسمان بوو، لەگەڵ سالار عەزیز و فەرەیدون عەبدولقادر (خەڵکی کەرکوک بوو لە کۆلێژی کشتوکاڵ)، زۆر چالاک بووین، بۆ بەعسییەک دەیتوانی لە زانکۆ جووڵەیەکی بکردایە، یان بارەگایەک بکاتەوە. ئەو بەرپرسانەی لە زانکۆی بەغداش بوون، کە دەهاتنەوە، لەگەڵمان دادەنیشتن، وەک (دارۆی شێخ نوری، شاسوار جەلال (شەهید ئارام)، فازیلی مەلا مەحمود). 
لە زانکۆ جگە لە چالاکییەکان، خۆشمان پەروەردە دەکرد بە کتێبەکانی مارکسیەت و ماویەت و بەتەواوی زانکۆمان کۆنترۆڵ کردبوو.

لە کاتی شکستی شۆڕشی ئەیلول، ئێوە چیتان بەسەرهات؟
لە ساڵی 1974، پیاوێک هەبوو بەناوی (هاشم حەدیسی) سەر بە بەعس بوو، بەرپرسێکی گەورەیان بوو، بە ماڵێکی هاوڕێمانیان وتبوو فەرمانی گرتنی من و شەهید جەبار دەرچووە با بڕوات، ئێمە رۆیشتین، بەڵام ماڵەکەمانیان گەمارۆ دا و هەموو شتێکیان بردین، هەموو کتێبەکانیان بردبوو، یەکێک لە جاشەکان هاتبوو بە دایکمی وتبوو: "بڕۆن دەنا هەمووتان دەگیرێن". ئیتر ئەرشەد بەرزنجی و ئەکرەمی کەریم ئاغا یارمەتییان داین و رۆیشتین، لە رێگە تەقەیەکی زۆریان لێ کردین. هەرچۆنێک بوو گەیشتینە پێنجوێن و چووینە ماڵی مەحمود بەگ، کە هاوڕێی باوکم بوو و خزمی دایکیشم بوو، پاشان چووینە ماڵی حەمەئەمین خانی برای حەمەڕەشید خان کە ماڵەکەیان بۆ چۆڵ کردبووین. دوو سێ رۆژ لەوێ ماینەوە و بۆردوومانی قەڵادزێ کرا، ئیتر فەتاح ئاغا هات بۆ لامان وتی: "لێرە نەمێنن باشە، رەنگە دوای قەڵادزێ ئێرەش بۆردوومان بکرێ". حەمە میرخان برای حەمە رەشیدخان، ئێمەی بەرەو سنوور برد، مەلا مستەفا ناردبووی بۆ ئەوەی ئێمە رزگار بکات، کە گەیشتینە ئەو ناوچەیە، لقی چواری پارتی لێبوو، عەبدولی سۆران و دکتۆر کەمال خۆشناو بەرپرس بوون لەوێ، بەردەوام دەهاتن بۆ ئەوەی بزانن پێویستییەکانمان چین، بە شەفیق ئاغادا هەموو مانگێک پارەی بۆ دەناردین، بەڵام دایکم دەیگەڕانەوە و دەیووت: "بیدەن بە پێشمەرگە".
ویستمان بچین بۆ باڕێزان، بەڵام فەتاح ئاغا نەیهێشت و چووین بۆ ماڵی حەمەمین ئاغا (حەمەد ئەمین ئاغا) لە قزڵجە و ماوەیەکیش لەوێ ماینەوە. ئەو ماوەیە هەموو رۆژێک و بەردەوام بۆردوومان دەکراین، بەیانیان زوو دەچووینە ناو ئەشکەوتەکان و ئێوان دەگەڕاینەوە. 
بەهۆی ئەوەی دایکم خەڵکی بانە بوو، ئیتر رۆیشتین بەرەو ئێران و لە مەریوان ماینەوە و چەند رۆژێک لە ماڵی حەمە خانی کانی سانان بووین، بەڵام لەژێر فشاری دایکم خانوویەکمان گرت و لەوێش زۆر قەرەباڵغ بووین، شەوانە نزیکەی (30) جێگەمان دادەخست، شەو و رۆژ خەریکی خزمەت و ئامادەکردنی خواردن بووین، هەرکەس بهاتایە بۆ سەردان، کەسوکاری دەهاتنە لای ئێمە. 
پاش ئاشبەتاڵ، دکتۆر کەمال خۆشناو بریندار بوو، ئێمە و شەهید جەبار ئاگاداری دەبووین لە نەخۆشخانە. شەهید جەبار وتی: "ئێوە بڕۆنەوە من لێرە دەبم، ئاگام لێی دەبێ". هەرچەندە حکومەتی ئێران داوای لێ کردین بمێنینەوە، بەڵام نەمانوویست و گەڕاینەوە. 

کە گەڕانەوە بارودۆخەکە چۆن بوو و چوونە کوێ؟
کاتێ گەیشتینەوە پێنجوێن، شاری بێ حاکم بوو، نە حکومەتی ناوەند دەسەڵاتی تەواوی هەبوو نە پێشمەرگە، ئەوەندە شەرممان دەکرد هەر سەرمان داخستبوو، چونکە بەتەمای ئەو حاڵە نەبووین هەرگیز. کە گەڕاشینەوە سلێمانی، چووینە ماڵی شێخ جەلال لای ست درەخشان و بۆ بەیانی سەری ماڵی خۆمانمان دا، هیچی تیا نەمابوو و هەمووی تاڵان کرابوو، کەوتینەوە دروستکردن. هەموو هاوڕێکانمان گواسترانەوە بۆ باشووری عیراق، بەڵام بەهۆی بنەماڵەکەمەوە منیان نەگواستەوە و مامەوە لە زانکۆ وەک ئەندازیارێک، چونکە من لە ساڵی 1972 زانکۆم تەواو کردبوو، ئیتر لەوێ مامەوە تا ساڵی 1978.

کەی دەستتکردەوە بە کاری سیاسی؟
هەر لەو ساڵەدا هاوسەرگیریم کرد و چوومە شاری بەغدا، لەوێش نەمدەتوانی بەبێ کاری سیاسی دابنیشم، بۆیە هەوڵم دەدا کەسێک دابنێم لە (ئەمنی عامە)، ئەویش هەواڵەکانی بۆ دەهێنام و منیش دەمدا بە رێکخستن و کەسایەتییە سیاسییەکان، چەندین هەواڵی زۆر گرنگ هەبوون.

لە بەغدا کاری میریت دەکرد؟
لە بەغدا کاری میریم نەدەکرد، بەهۆی ئەوەی منداڵەکانم ورد بوون. منداڵەکانم بەشێوەیەک پەروەردە کردووە کە زۆر کوردپەروەرن و بە پلەی بەرز خوێندنیان تەواو کردووە. هەرچەندە زۆر لەژێر فشاردا بوون بۆ ئەوەی ببن بە بەعسی، بەڵام بە توندی رەتیان دەکردەوە. 

منداڵەکانت لە بەغدا لە کوێ دەیانخوێند؟
کچەکەم لە قوتابخانەی کەرخ بوو، چونکە کچەکەم نەبوو بە بەعسی، خەرجیی زۆربەی قوتابخانەکەیان دەخستە ئەستۆی من بۆ ئەوەی دەمکوت بن. کوڕەکەشم لە کولیەی بەغدا بوو کە بە زمانی ئینگلیزی بوو، خوێندکارێکی زۆر زیرەک بوو، بەڵام کاتێک عودەی کوڕە گەورەی سەدام لێپرسراوێتیی ئەوێی وەرگرت، لەوێ دەری کرد و گواستیانەوە بۆ خوێندنگەیەکی ئاسایی، چونکە کورد بوو و بەعسییش نەبوو، بەڵام زۆر زیرەک بوو، بە پلەی باش و بەبێ مامۆستاش توانیی بچێتە کۆلێجی پزیشکی. 
هەر پێنج منداڵەکەم زۆر کوردپەروەرن.

لەوێش خەڵکانی ئاسایی و سیاسی دەهاتنە ماڵتان؟
بەڵێ، زۆر کەسی لێقەوماو دەهاتنە ماڵمان و خزمەتمان دەکردن، هەروەها زۆربەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و کۆمەڵەش لە ماڵی ئێمە دەکران.

منداڵەکانت ئێستا چی دەکەن؟
کوڕە گەورەکەم (محەمەد)، دکتۆرای تەواوکردووە لە بەریتانیا لە کۆلێژی شاهانەی فریاگوزاریی تەندروستی و دکتۆرێکی سەرکەوتووە. دانا، ئەندازیاری میکانیکە، پەیمانگەی (کاروباری دەرەوە)ی تەواوکردووە و ئێستا دیپلۆماتکارە. شاناز، ئەندازیاری شارستانییە و ماستەری لە لەندەن تەواوکردووە. بەدرخان، پزیشکی دەرمانسازە و گەڕیدەیە. شایان زانکۆی ئەمەریکی تەواوکردووە و ئێستا ماستەر دەخوێنێ لە چیک.

لەگەڵ باپیرت (شێخ مەحمودی نەمر) پەیوەندیت چۆن بوو؟
هەرچەندە زۆر منداڵ بووم، بەڵام من و دایکمی زۆر خۆشدەویست. ئەو کاتەی کە لە سیتەک بووین، قانعی شاعیر لەوێ بوو، هەرچەند باپیرم بهاتایە، بە هەزاران کەس لەوێ ئامادە دەبوون. قانع شیعری فێر دەکردم و لەلامەوە دەوەستا و دەچوومە بەردەمی شێخ و شیعرەکەم دەوت، کە تەواو دەبووم، رامدەکردە باوەشی. جارێکیان لێی پرسیم: داواکاریت چییە؟ منیش وتم: "سەیارەیەکم دەوێ و دێی نەوتییشم لەسەر تاپۆ بکە". دەمزانی ئەو دێیە دەرامەتی زۆرە، سەیارەکەی بۆ کڕیم، بەڵام دێکەی لەسەر تاپۆ نەکردم.

کەی باوکت کۆچی دواییکرد؟
لە 12ی مایسی 1972، لە تەمەنی 55 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەک لە شاری بەغدا، هێشتا زانکۆم تەواو نەکردبوو، کۆتا ساڵم بوو.

بەهۆی بارودۆخی خانەوادەکەتانەوە، دەتوانم بڵێم ئێوە بەردەوام پشتتان بە دایکتان بەستووە، کەسایەتیی دایکتان چۆن بوو؟
بەڵێ، دایکم کەسایەتییەکی بەهێز و لێوەشاوەی هەبوو، ئێمە بەردەوام پشتتمان پێی دەبەست. هەروەها دایکم زۆر گەنج بوو کە باوکم کۆچی دوایی کرد، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و لەو سەردەمەدا، زەحمەت بوو ژنێک بەبێ پیاو بتوانێ بەژیانی خۆی رابگات، بەڵام دایکم بە پشتبەستن بەخۆی ئەرکی سەرپەرشتی و پاراستنی بنەماڵەیەکی گەورەی بەباشترین شێوە لەئەستۆ گرت. ئێمە هەر سێ خوشکەکە لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا پلەی بەرزی ئەکادیمیمان بەدەستهێنا. لە دەریشەوە وەک کەسایەتییەک رێزی لێ دەگیرا و بڕیارەکانی بەهەند وەردەگیرا. ئەمە جگە لەوەی بەردەوام پشت و پەنای لێقەوماوان و هەژاران بوو. بەداخەوە لە 17ی کانوونی دووەمی 2016 پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی، کۆچی دواییکرد.
 
دوای ئەوەی گەڕایتەوە بۆ سلێمانی، کاری میریت کرد؟
بەڵێ، سەرەتا گەڕامەوە بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی پرۆژە تایبەتەکان لە سەردەمی دوو ئیدارەیی، لە سەردەمی دکتۆر بەرهەم و دواتریش کاک عومەر فەتاح، کاری زۆرمان کرد.
دوای ئەوەی دەزگای گەشتوگوزاریش دانرا، بووم بە سەرۆکی دەزگاکە و پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکەش، چوومە ئەنجومەنی وەزیران و وەک راوێژکارێکی ئەندازیاریی کارم دەکرد و دواتر خانەنشین بووم.

کارە گرنگەکانت لە دەزگای گەشتوگوزار چی بوون؟
ماستەرپلانمان دانا بۆ قۆپی قەراغ، بناری کۆسرەت، دوکان و دەوروبەری، سلێمانی و دەوروبەری، گۆیژە... هەرچەندە زۆرێک لەو ماستەرپلانانە پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کرا، بەڵام بەداخەوە، نەکەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە. رێگەمان راکێشا بۆ قۆپی قەراغ و ئەحمەدئاوا و لە زۆر شوێنیش کابینەی گەشتوگوزاریمان دانا. هەروەها بەشداریمان کرد لە پێشانگەی گەشتوگوزار لە هۆڵەندا. 
یەکێکی تر لە پرۆژە گرنگەکانمان؛ پرۆژەی چاککردنی دەربەندی بازیان بوو، بەڵام بەداخەوە، کاتێ کرایەوە ئێمەیان بانگهێشت نەکرد، هەرچەندە چەندین ئەندازیار تێدا ماندوو بوون، بەڵام کەسیان بانگهێشت نەکرابوون. دەبوایە مەراسیمێکی گەورەی بۆ بکرێ، بۆ ئەو شوێنەی کە ئەو شەڕە مەزنەی تیا کراوە. هەروەها چاککردنەوەی سەرای سلێمانی و ئەو ماڵەی شێخ مەحمود تیایدا حوکمی دەکرد؛ هەرچەندە وەک ئەوە نییە کە ئێمە پلانمان بۆ داڕشتبوو. 
لە لایەکی تریشەوە ئەو شوێنەی ماڵی تۆفیقە فەندی (تۆفیق ئاغا) بوو، بە سەرۆکایەتی دکتۆر کەمال فوئاد و بنکەی ژین، توانیمان ئەو خانووە ئیستملاک بکەین و بکرێ بە شوێنی توێژینەوە و مۆزەخانە، هەرچەندە نۆژەن کرایەوە، بەڵام کارەکەی تەواو نەبوو و بەجێماوە و دەڵێن بودجە نەماوە. زۆر حەیفە، پلانێکی زۆر جوانی بۆ داڕێژرابوو. خانووەکەی داریکەلیش کە سەر بە شارۆچکەی بازیانە، کراوە بە مۆزەخانە، بەڵام ئەویش بەهۆی کەمتەرخەمییەوە وەک ئەوە نییە کە دەمانویست.

لەو کارانەدا کێ زۆر هاوکارت بوو؟
لەوانەی زۆر هاوکارم بوون، دکتۆر کەمال فوئاد و کاک عومەر فەتاح بوون.

لە ئێستادا بنەماڵەی حەفید لە گۆڕەپانی سیاسەت و حوکمڕانی دوور کەوتوونەتەوە، هیچ کەسێک هەیە وەک خانەوادەکە بیەوێت لە بواری سیاسەت و حوکمڕانیدا رۆڵی کارا و کاریگەر ببینێت؟
لە ئێستادا نەخێر، کەسمان سیاسەت ناکەین.

بۆ؟
لەبەر ئەو دۆخە شلۆق و نالەبارەی ئێستای سیاسەتکردن.

ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و دۆکیۆمێنتم لەسەر شێخ مەحمودی حەفید. هەروەها شیعر و چیرۆکەکانی تایبەت بە باوکیشم کۆکردووەتەوە و لە کتێبێکدا بەناوی (خاک) کە تازە بڵاوکراونەتەوە. لە لایەکی تریشەوە، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریمان لەسەر خێزانی حەفید بەرهەمهێناوە و بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە.

خ.غ