راپۆرت

پیرەمەگرون، چیا سەرکەشەکەی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


پیرەمەگرون، چیا سەرکەشەکەی کوردستان
مەودا میدیا- نەزیرە حارس

 چیای پیرەمەگرون (پیر عومەر گورون)، هەروەها چیا ئەفسووناوییەکەشی پێ دەوترێت. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانی. ئەم چیایە، لەلایەن کورد بەگشتی و خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی، بە پیرۆز سەیر دەکرێت. 

پیر، لە کوردەواریدا بە کەسێک وتراوە کە وەکوو دەمڕاست یان سەرگەورە و رابەری ئایینی دەوری بینیوە، ئیتر لەسەر هەر بیروباوەڕێک یان ئایینێک بووبێت. دەوترێت کە (پیر عومەر گورون) پیرێکی یارسانیی بووە و مەزارەکەی لەسەر چیاکەیە نزیک گوندی زێوێ. برای (پیر مەنسورە) کە مەزارەکەی لە گەڕەکی پیرمەسوری سلێمانییە (پیرمەسور لە پیر منصور وەرگیراوە).

کۆنترین ناوی چیای پیرەمەگرون، (کینپە/کینیا)یە، لە بنچینەدا لۆلۆییەکانی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە ئەو ناوەیان لێ ناوە. لە داستانی گلگامێشدا ئاماژە بۆ چیاکە کراوە، کە لە کاتی لافاوە گەورەکەدا کەشتییەکەی نوح بە هەموو سەرنشینەکانییەوە بەو چیایەوە گیرساوەتەوە. هەرچەندە هەندێک رایان وایە کە کەشتییەکەی نوح لەسەر چیای (جودی) گیرساوەتەوە نەک پیرەمەگرون. ئەوان بە چیای نیمۆش ناویان بردووە، نیمۆش ئەو ناوەیە کە لە بابلیدا بۆ ناوە رەسەنەکەی (کینپە) دانراوە. 

لە سەرچاوە دێرینەکانی میزۆپۆتامیادا، ئەو بۆچوونەی روون کراوەتەوە کە زیاتر لە 2900 ساڵ بەر لە ئێستا، پاشای ئاشوور (ناسیرپاڵ) هێرش دەکاتە سەر ناوچەی شارەزوور، ئاماژە بە چیای پیرەمەگرون دەکات و دەڵێت "چیای (نیمۆش) ئەو چیایەیە کە لۆلۆییەکان پێی دەڵێن (کینپە)". بینینی چیایەکە گرنگییەکی زۆری هەبووە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێگەیەکی ئایینی بەرزی هەبووە لەو سەردەمەدا، هەر بۆیە لە نووسینێکدا دەڵێت "من یەکەم پاشای ئاشووریم کە چیای رزگاریی نوح بابل دەبینم کە کەشتییەکەی لێ گیرساوەتەوە".

 ئەدمۆنسی حاکمی سەربازیی بەریتانیا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە بە کوردستاندا گەڕاوە، باسی لەوە کردووە کە چیای پیرەمەگرون لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەناوی پیرێکی یارسانییەوە ناونراوە.

 لە دیوی قەرەچەتان بۆ سەر چیای پیرەمەگرون، پەرستگایەکی زەردەشتیی لێیە، لە چیاکەدا وێنەی زەردەشت و هێماکەی هەڵکەنراوە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک بیروبۆچوونی تر هەیە کە دەڵێن "ئەو پەرستگایە، پەرستگای یارسانییەکانە". مێژووی پەرستگاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی زایینی، کە لە راستیدا وێنەی دوو پاشای ناوچەکە (میر قوڵی، رەبەنە)یە و شوێنەوارەکەیان هەتا ئێستا ماوەتەوە.

 بە بەردی ناوچەکە، چەندین شورای بەردین بە پانییەکی زۆر لەسەرەوە بۆ خوارەوەی چیاکە دروست کراون، دەوترێت لە کاتی هێرشی فتوحاتی ئیسلامدا بۆ سەر ناوچەکە، خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و دینەکەیان و بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئیسلام دروستیان کردوون. 

 چیای پیرەمەگرون، سێیەم بەرزترین چیای ناوچەی سلێمانییە لە دوای چیای قەندیل و چیای کونە کۆتر، هەروەها دەیەم چیای بەرزی کوردستانە. چیاکە، لە زنجیرەیەک لووتکە و دۆڵ پێک دێت، لای خوارووی بە دۆڵێکی شێوە سێگۆشەیی کۆتایی دێت کە پێی دەوترێت دۆڵی زێوێ. ئەم دۆڵە لە رووی رۆژئاواوە بەهۆی دەربەندی زێوێوە دەبەسترێتەوە بە رێگەی دوکانەوە و لە خواروویەوە دەبەسترێتەوە بە دێی یاڵانقۆزەوە. لە باکوور و رۆژهەڵاتیشەوە سنووری چیاکە بریتییە لە دۆڵی قزلەر و مێرگەپان و تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ چیای سورداش. 

لووتکەکانی چیای پیرەمەگرون:

لووتکەی پیرەمەگرون1: 2624م لە ئاستی دەریاوە و 1494م لە ئاستی ناوچەکەوە بەرزە.

لووتکەی پیرەمەگرون2: 2568م لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەم لووتکەیە لە ناوچەی زێوێ پێی دەڵێن لووتکەی (گەڕی کڵاو).

لووتکەی رومار: 2078م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

 لووتکەی باوگردان: 2050م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

لووتکەی میرکوری: 1739م لە ئاستی دەریاوە  بەرزە.

 لووتکەی رەبەنە: 1636م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

چیای پیرەمەگرون بەشێوەیەکی قۆقزیی چەماوەتەوە، ئەم قۆقزییە بە درێژایی 25کم لە باشووری رۆژهەڵاتەوە بەرەو باکووری رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە و دەڕوانێت بەسەر ناوچەی مێرگەپاندا. 

پیرەمەگرون، چیایەکی بورکانییە. بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام پلەکانی گەرما لە چیاکە زۆر نزمە، بەدرێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت. زۆرێک لە بەردەکانی رزیون و لە کاتی سەرکەوتن پیایدا لەژێر قاچ دەردەچن و مەترسی دروست دەکەن.

پیرەمەگرون، بە یەکێک لە چیا گرنگەکان دادەنرێت لە رووی جۆری رووەک و گژوگیاوە. بەپێی لێکۆڵینەوە و سەرچاوەکانی زانکۆی سلێمانی، نزیکەی 543 جۆری رووەک لەو چیایەدا هەیە، کە چەند جۆرێکیان تەنها لەوێ هەن و لە عیراق و ناوچەکەدا بۆ یەکەم جار تۆمار کراون. هەندێکیشیان لە رووی زانستی و چارەسەری گیاییەوە گرنگیی زۆریان هەیە. 

سەبارەت بە ئاژەڵی کێوی، ژمارەیەکی زۆر کەم ئاژەڵی کێویی لێ دەژی، زۆرێکیان بەهۆی راو و گەیشتنی دەستی مرۆڤ بە ناوچەکە لەناوچوون، ئەمە جگە لە هۆکاری تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە بەهۆی شەڕ و بەکارهێنانی هەندێک کەرەستەی زیانبەخش لە کاتی شەڕەکاندا.

پیرەمەگرون، چیایەکی بورکانییە، کە لە سلێمانییەوە سەیری دەکەیت؛ شێوەی دەموچاوی کەسێک نیشان دەدات کە رووی بۆ سەرەوە بێت، بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە چیاکەدا زۆر نزمە، بە درێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت.

چیای پیرەمەگرون، لە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەتەوە گرنگییەکی زۆری هەبووە بۆ خەڵکی ناوچەکە. لە دوای هێرشەکانی فتوحاتی ئیسلام و کوژرانی ئەو کەسایەتییە (پیر عومەر گورون) و ناشتنی تەرمەکەی لەسەر چیاکە؛ ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پیرەمەگرون. بوونی مەزاری ئەو کەسایەتییە لەو شوێنەدا، گرنگیی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە هەیە، بە چاوێکی پیرۆز سەیری دەکەن و سەردانی دەکەن. مەزارگەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە خزمەت دەکرێت، هەندێک کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانەی تێدا دانراوە بۆ ئەوانەی سەردانی دەکەن دەتوانن بەکاریان بهێنن. سەرگوزشتەیەکی خەیاڵیی هەیە لەوبارەیەوە؛ گوایە هەر کەسێک ئەو کەلوپەلانە بەکار بهێنێت و نەیانگەڕێنێتەوە؛ ئەوا بەر نەفرەت دەکەوێت و کەلوپەلەکان خۆیان دەگەڕێنەوە.

چیای پیرەمەگرون لە هۆنراوەی زۆرێک لە شاعیرە کۆنەکاندا ناوی هاتووە، بۆ نموونە؛ ئەم پارچە هۆنراوەیەی بەختیار زێوەر:  

پیرەمەگرون موقەدەسی

دۆستی دائیمی کوردی

بەو دیمەنە شیرینەوە

دافعی سەد نەوع دەردی

دامەنی سەوزی تۆ

قامەتی بەرزی تۆ

نیشانە و رەمزی تۆ

باعیسە بۆ سەرکەوتنی وەتەن

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد