چاوپێكەوتن

"هەموو ئاواتێکم ئەوەبوو لە بۆنەیەکدا شیعرەکانی باوکم بە دەنگی خۆم بخوێنمەوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هەموو ئاواتێکم ئەوەبوو لە بۆنەیەکدا شیعرەکانی باوکم بە دەنگی خۆم بخوێنمەوە"
مەودا میدیا-

چاوپێکەوتنی ئەم جارە لەگەڵ خاتوو حەمیدەی کچی ئەحمەد موختار بەگی جاف، شاعیری گەورەی کوردە.
خاتوو حەمیدە، هەموو خەسڵەتە بەهێزەکانی ژنی کوردی تێدا کۆبووەتەوە، ئازادە لە رادەربڕین، بێ ترس بۆچوون و راکانی دەردەبڕێت. هونەرمەندێکی بەتوانا و رۆشنبیرێکی کەموێنەیە، لەوە دەچێت زۆربەى خەسڵەتەکانی عادیلە خانی نەنکی تیا کۆبووبێتەوە کە دەسەڵاتدار و کارگێڕی هۆزی جاف و شاژنی شارەزوور بووە. ئەگەر بوار بۆ ئەمیش بڕەخسایە، بێگومان دەبووە فەرمانڕەوایەکی بەناوبانگی میرنشینی بابان.
لەم چاوپێکەوتنەدا هەندێک کاری دەستیی خۆی نیشان دام، بەشێک لە کارەکانی (60) ساڵ تەمەنیان بوو، زۆر جوان و ناوازە بوون، بەتایبەتی چنینی جلە کوردییەکان. 

ناوی تەواوی بەڕێزت؟
ناوم حەمیدە ئەحمەد عوسمانە، باوکم ناسراوە بە ئەحمەد موختار بەگی جاف (شاعیری ناوداری کورد).

کەی و لە کوێ لەدایکبوویت؟
لە ساڵی 1935 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووم، دوای کۆچی دوایی باوکم بە سێ مانگ، واتا باوکم نەبینیوە. 

چەند خوشک و بران؟
باوکم سێ ژنی هێناوە، یەکەم ژنی (حەبیبە خان بابان) بووە، لە باوکم گەورەترە بووە، لەو ژنەی منداڵی نەبووە. ژنی دووەمی (رەعنا خان) بووە، دوو منداڵی (ئەفراسیاب و شەمسە) لێی هەبووە، کاتێک رەعنا خان کۆچی دوایی دەکات، حەبیبە خان ئەرکی بەخێوکردنی ئەو دوو منداڵە لەئەستۆ دەگرێت. ژنی سێیەمی، دایکم بوو، لەویش (من و رووناک و غاندی) بووە.

لە کوێ چوویتە بەر خوێندن؟
لە هەڵەبجە، لە قوتابخانەی هەڵەبجە چوومەتە بەر خوێندن. تاکو شەشی سەرەتاییم لەوێ تەواو کردووە، ئەو ساڵە یەکەم بووم لەسەر ئاستی کوڕان و کچانی هەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە کە شەشم تەواو کرد، دواناوەندی تێکەڵ بوو، دایکم و خێزانەکەم بواریان نەدام بچمە ئەو قوتابخانە تێکەڵە و خوێندنم تەواو نەکرد.

دوای خوێندن بەچییەوە سەرقاڵ بوویت؟
دوای خوێندن دانەنیشتم و کەوتمە بەرپرسیاریەتی و ئیدارەدانی ماڵ و موڵکی باوکم، دەستمکرد بە سەرپەرشتیکردنی کشتوکاڵ و ئەو زەوییانەی هەمانبوون بە چاندنی تووتن و لۆکە.

کەی شووت کرد و بەسەرهاتەکەی چۆن بوو؟
تەمەنم بوو بە 18 ساڵ، وتیان دەبێت شوو بکەیت و بە خزمیش بێت. پاش ماوەیەک کوڕێکی ئامۆزام بەناوی (حەمە) کە کوڕی داود بەگە و بە (حەمەی عەبابەیلێ) ناسراوە، هات بۆ خوازبێنیم، ئەوسا خوێندکار بوو لە قوتابخانەی (التفیض)ی ئەهلی لە بەغدا، لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بوو. منیش مەرجم دانا کە دەبێت پۆلی پێنج تەواو بکات (ئەوسا شەشی ئامادەیی نەبوو). ئەو ساڵە دەرنەچوو، منیش لە بڕیارەکەی خۆم پەشیمان نەبوومەوە، وتم شووی پێ ناکەم. ساڵی دواتر دەرچوو، جارێکی تر هاتەوە داوام، ئیتر رازی بووم و چووم بۆ شاری بەغدا.

ساڵی چەند بوو کە هاوسەرگیریت کرد؟
ساڵی 1958.

لەو کاتەدا دوو گەنجی کورد لە شاری بەغدا، کێ یارمەتی دەدان و سەرپەرشتی دەکردن؟
مامم، باوکی حەمە (داود بەگ). لە بەغدا خانوویەکی بۆ گرتین، خانووی دکتۆر هادی سەباک بوو. دواتر حەمەی هاوسەرم چوو بۆ زانکۆ و لە حقوق وەرگیرا، منیش لە ماڵەوە خەریکی چنین بووم کە خولیای منداڵیم بوو. 

هیچ یادەوەرییەکی ئەو سەردەمەت هەیە؟
جارێکیان لەسەر دیواری ماڵی دراوسێکەمان نووسرابوو ئەم ماڵە بۆ مەزادە، کەلوپەلی ناوماڵەکە دەفرۆشن، دوایی زانیم کە ماڵی کوڕی (نوری سەعید) بوو. منیش چوومە ناو مەزادەکە و لەوێ تەلەڤزیۆن و سەلاجەم کڕی، هەرچی هەمانبوو دام بە کەلوپەلی ناوماڵ.

کاتێک لە بەغدا دەژیایت ئارەزووی گەڕانەوەت نەبوو بۆ هەڵەبجە؟
هەموو ئاواتێکم ئەوەبوو، بەتایبەتی لە دوای کیمیايیباران و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی، کە بگەڕێمەوە و لە بۆنەیەکدا شیعرەکانی باوکم بە دەنگی خۆم بخوێنمەوە، بەتایبەتی هۆنراوەی:
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە

چەند منداڵت هەیە؟
ئامانج، کە لە ساڵی 1959 لەدایکبوو و ئەو کاتە خەڵکم لابوو یارمەتییان دەدام. ئالانی کچیشم لە ساڵی 1964 لەدایکبووە.

ئەو ماوەیەی هاوسەرەکەت خوێندکاری زانکۆ بوو، چۆن بژێویتان دابین دەکرد؟
مامم؛ باوکی حەمە، واریداتی موڵکی هەبوو، ئەو پارەی دەداینێ بۆ کرێی خانوو و بژێویمان.
کە حەمەش زانکۆی تەواو کرد، لە وەزارەتی ئیسکان و ئەشغال بوو بە راوێژکاری یاسایی، بەهۆی کارەکەیەوە زەوییان داینێ و لە ساڵی 1964 بووینە خاوەنی خانووی خۆمان.

هاوسەرەکەت جگە لە راوێژکاری یاسایی هیچ پۆستێکی تری وەرگرتووە؟
لە کاتی حوکمی زاتی، هاوسەرەکەم بوو بە نائب عامی تەندروستی و دەبوایە بچێتە هەولێر، کە سێ پلە مووچەکەی بەرزتر بوو، ئەمە جگە لە کارەکەی کە پلەیەکی زۆر بەرز بوو، بەڵام من رازی نەبووم، وتم هەرگیز لەگەڵتدا نایەم و یەک مووچەش نایەتە ماڵەکەم. وتی "ناکرێت، تازە بڕیارەکەیان داوە و ئەگەرواز بهێنم، دەبێتە مەترسی بۆمان، وەزیری تەندروستی واژووی لەسەر کردووە". ئەوسا وەزیری تەندروستی عزەت مستەفا بوو، هەستام چووم بۆ لای و خۆم پێ ناساند و پێم وت "تکایە کاری حەمە وەکو خۆی لێ بکەرەوە و نامەوێت ئەو کارە بکات". ئیتر دوای سێ مانگ گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی خۆی و نەشمهێت یەک پوولی بێتە ماڵەکەم. 

ئەو هەموو دەستکارە جوانەت هەیە، تاکوو ئێستا هیچ پێشەنگایەکت کردووەتەوە؟
بەڵێ، لە بەغدا چوار جار پێشانگەم کردووەتەوە، بەڵام لەوەتەی لە سلێمانیم پێشەنگام نەکردووەتەوە سەرەڕای ئەوەی کار زۆر دەکەم و نەوەستاوم. کاتی خۆی لە (دار الازیاء)ی بەغدا داوایان لێکردم بچم دابمەزرێم و پێشنیازیان بدەمێ، خۆم نەمویست دابمەزرێم، بەڵام زوو زوو پێشنیازم دەدانێ.

جگە لە چنین و وێنەکێشان، چی ترت کردووە؟
هەموو کارێکی ناوماڵ لە بۆیەکردنی دیوار و کەلوپەلی ناوماڵ و قەنەفە دروستکردن و جوانکاری و دوورمان خۆم دەمکرد.

ئەوەندەی من بزانم زۆر دەخوێنیتەوە و دەتەوێت ئاگاداری هەموو رووداوەکان بیت، چۆن خولیای کتێب و خوێندنەوە بوویت و کێ هاندەرت بوو؟
لەوەتەی چاوم کردووەتەوە، ماڵمان پڕ بووە لە کتێب، ئەفراسیابی برام و رووناکی خوشکم خەریکی خوێندنەوە بوون، منیش داوام لێیان کرد رێنماییم بکەن، ئەوسا کتێبی بەردەست زیاتر بە زمانی عەرەبی بوو، هەروەها خوێندنیشمان بە عەرەبی بوو. کتێبێکیان نووسەری بەناوبانگ (پۆل وفێرجینی)یان دامێ، دوای سێ جار خوێندنەوە، ئینجا تێیگەیشتم، ئیتر ئەمە بوو بە هاندەرم و دەستمکرد بە خوێندنەوە. هەر 33 کتێبەکەی (میشێل جیڤاکۆ)م خوێندووەتەوە و هەمووشیانم هەیە. چەندین کتێبی تریشم هەیە، بەتایبەتی مێژووی وڵاتان، چووبێتمە هەر وڵاتێکیش ئەو ناوچانەی لەو کتێبانەدا ناویان هاتبوو، سەردانم دەکردن. ئارەزووم بوو بزانم ئەو وڵاتانە چۆن پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە. زۆر حەز دەکەم بزانم لە دنیادا چی روو دەدات.

کەى بڕیارت دا بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان؟
دوای رووخانی سەدام، بیستم کاک مەسعود هاتووە بۆ بەغدا، منیش داوای بینینیم کرد و خۆم ناساند کە کێم. ئیتر ئەوەندەی نەبرد ناردیان بەدوامدا، لەگەڵ دکتۆر جەمال غەفور چووین. دوای گفتوگۆ و پرسیار، وتی "بۆ ناگەڕێیتەوە؟" منیش پێم وت "بە راستی ئەگەر بگەڕێمەوە، دەچمە سلێمانی و نایەمە هەولێر." 
ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ کاک کەمال محێدین هەبوو، ئەوسا وابزانم بەرپرسی مەڵبەندی بەغدا بوو، وتی "مام جەلال دەیەوێت بتبینێت." 
کاتێک مام جەلالم بینی، پێی وتم "دۆخی بەغدا باش نییە، بگەڕێرەوە بۆ سلێمانی." لە وەڵامدا وتم "هیچمان نییە لە سلێمانی". وتی "تۆ کێشەت نەبێت، هەموو شتێکتان بۆ جێبەجێ دەکرێت". ئیتر بڕیارمان دا بگەڕێینەوە. لە بەختیاری خانوویان بۆ ئامادەکردین، هەروەها دوو پارچە زەوی لە رێگەی حاکم قادرەوە درا بە من و شەمسەی خوشکم.

بۆ شوێنتان نییە، ئەی خانووەکەی ماڵی باوکت چی لێ هاتووە؟
یەکەم جار دەمەوێت باسی کتێبخانەکەی ماڵی باوکم بکەم، کە پڕ بوو لە کتێبی گرانبەها. جارێکیان زەعیم سدیق لە ساڵی 1963 چووبووە ماڵی باوکم و سەیری کتێبخانەکە دەکات و رۆژنامەیەکی (طریق الشعب) دەبینێت تیایدا، دەڵێت هەموو کتێبخانەکە بسووتێنن، ئیتر هەرچی کتێب هەبوو دەیسووتێنن. لە دوای کیمیايیبارانەکەش ناوماڵمان تاڵان کرا، هیچیان نەهێشتبوو، تەنانەت دەرگا و پەنجەرەکانیش دەرهاتبوون.

بڕیارتان نەدابوو دروستی بکەنەوە؟
بەڵێ، یەکێتی، بەتایبەتی مام جەلال و هێرۆ خان بڕیاریان دابوو چاکی بکەنەوە، راستەوخۆ پەیوەندیم بەوانەوە هەبوو. چەند ئەندازیارێکیان نارد بۆ لام، دەتوانم بڵێم نزیکەی چوار مانگ بەیەکەوە دانیشتین و نەخشەی خانووەکەمان بە وردی دروستکردەوە. ژوور بە ژوور بەرد بە بەردیم پێ دەوتن، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی مام، پاشان نەخۆشکەوتنی هێرۆ خان، ئەو پەیوەندییە پچڕاوە و شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێت ئەو بڕە پارەیەمان نییە بۆ دروستکردنەوە، ئیتر دەیان هۆکاری تر وایان کرد ئەو پرۆژەیە هەر جێبەجێ نەکرێت.

ئەو پەیکەرەی خانووەکەتان کە لە دەروازەی هەڵەبجە هەیە، چۆن دروستکراوە؟
ئەوە برادەرێک داوای نەخشەکەی کرد و بە وردی وەک پەیکەری خانووەکە دروستی کردووەتەوە و منیشی بانگهێشت کرد بۆ پەردە لادان لەسەری.

هیچ پەیکەرێک بۆ باوکت کراوە؟
بەڵێ، برادەرانی پارتی بۆیان کرد و لەبەردەم خوێندنگەی ئەحمەد موختار بەگی جاف دانراوە، بۆ ئەویش هەر من چووم بۆ لابردنی پەردە لەسەر پەیکەرەکە. دواتر لەسەر بڕیاری من و لەبەر هەندێک هۆکار، پەیکەرەکەمان گواستەوە بۆ ناو باخی گشتیی هەڵەبجە، هەروەها ئەو قوتابخانەیەی کە بەناوی باوکمەوەیە، کاک ئاسۆ بامۆکی لەسەر ئەرکی خۆی نۆژەنی کردووەتەوە.

کێ خانووەکەی ماڵی باوکتی دروستکردووە؟
عادیلە خانم، کاتی خۆی ئەندازیاری لە ئێرانەوە بۆ هێنابوو.

گۆڕی ئەو کەسایەتییە هەڵکەوتوو و بەناوبانگانەى بنەماڵەکەتان لە کوێن و کێ ئەرکی چاککردن و پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت؟
شارەوانی ویستی ئەرکی چاککردنی گۆڕەکەی باوکم بخاتە ئەستۆی خۆی، بەڵام من نەمهێشت و لەسەر ئەرکی خۆم کردم. مەزاری عادیلە خانم و باوکم تاهیر بەگی مامم لە عەبابەیلێن.

ئەی سەبارەت بە مزگەوتەکەی عادیلە خانم هیچ پلانێکت هەیە؟
بەڵێ، زۆر حەز دەکەم دەرامەتێکم هەبێت و بتوانم مزگەوتەکە نۆژەن بکەمەوە و هۆڵێکیشی بۆ بۆنەکانی ژنان تێدا دروستبکەم.

لە کاتی ئەنجامدانی بۆنە و یادەکان بۆ باوکت، ئامادە دەبیت؟
بەڵێ، هەر بۆنەیەک بۆ باوکم رێکبخرێت لە هەڵەبجە، ئامادە دەبم و ئەگەر بوار هەبێت قسەش دەکەم.

کێشەى زەویوزارتان ماوە لە هەڵەبجە یان چارەسەر کراون؟
دوو سەد دۆنم زەویمان لە هەڵەبجە هەیە، هەندێکیان تا ئێستایش کێشەیان تێدایە و چارەسەر نەکراون. 

کاک ئامانج و خاتوو ئالان بە چییەوە سەرقاڵن؟
ئامانج لە دوای خوێندنی ئامادەیی، بەرەو لەندەن رۆیشت. ئالان پزیشکی ددانە و ئێستا لە سلێمانییە.

لە کۆتاییدا چیت هەیە بیڵێیت؟
ئارەزوومە ماڵی باوکم وەک خۆی نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە بنکەیەکی رۆشنبیری و نووسین و کتێبەکانی باوکیشمی تێدا بێت. هیوادارم حکومەت ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەی رووی شارستانیی هەڵەبجەی جاران پیشان بدات. 
هەروەها بەنیازم پێشانگەیەک بۆ کارە دەستییەکانم بکەمەوە و داهاتەکەی ببەخشمە نەخۆشخانەی هیوا.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن