راپۆرت

كینەی سیاسی، جێگەی پرۆژەی گرتووەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


كینەی سیاسی، جێگەی پرۆژەی گرتووەتەوە
مەودا میدیا-

زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێپەڕیوە و هێشتا ئاسۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق دەرنەكەوتوون، لەگەڵ ئەوەی فراكسیۆن و هاوپەیمانێتی گەورە خۆیان ناساندووە، بەڵام رێگری زۆر هەیە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراقدا، بەتایبەت هێزە گەورەكانی وەكو موقتەدا سەدر، هادی عامری و نوری مالیكی و لەسەر ئاستی كوردستانیش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا. 

عیراقە نەخۆشەكە راستە؟ 
تەمەنی عیراق سەدەیەكی تێپەڕاندووە، بەڵام هیچ قۆناغێكی سیاسیی سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەو سەدەیە پڕە لە كوشت و كوشتار، تاڵانی، شەڕ، گەندەڵی، پێشێلكاری یاسایی و ئەنجامدانی جینۆساید دژی كوردی و شیعە و كەمە نەتەوەكانی تر.

 دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی 2003، زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە بوون؛ عیراقێكی نوێ دروستبكرێت و هێزە سیاسییەكانی لە رێگەی پرۆژەی سیاسی و نیشتمانییەوە هەوڵی بەرەوپێشوونی زیاتر بدەن، بەڵام نەك هەر ئەوە نەكرا، بەڵكو عیراق نغرۆبووە لە گەندەڵی و پەیڕەویكردن لە سیاسەتی مەزهەبی و گرنگیدان بە میلیشیا و هێزەكانی لە یاسا دەرچوو، ئێستا عیراق هاوشێوەی كۆتاییەكانی خەلافەتی عوسمانی نەخۆش كەوتووە و رەنگە زۆر نەبات مەرگی خۆی ببینێت. 

"عیراقی سەدر" دروست دەبێت؟ 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرە و یەكێكە لەو سیاسییانەی بنەمایەكی دیاریكراوی سیاسەتكردنی نییە، یەكەم و دوا بڕیاری سیاسیی رەوتەكەی بەندە بە بیركردنەوەی ئەوەوە، رەنگە خەوی شەوی لە رۆژدا بكاتە بڕیاری سیاسی، بچێتە دەسەڵاتەوە و یان ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، لە شەو و رۆژێكدا كەسێك دەكاتە وەزیر و بشیەوێت بیشكێنێت، یەكسەر دووری دەخاتەوە. 

سەدر میلیشیای سەرایا سەلامی هەیە، سەدان تۆمەتبار و لە یاسای دەرچوو لای ئەو داڵدە دراون، لەگەڵ ئەوانەشدا بەردەوام داوای چاكسازی و سەروەربوونی یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ملیشیاكان دەكات و خۆی كردووەتە سەرقافڵەی پرۆژەیەكی نیشتمانیی ساختە و دەیەوێ حكومەتێك لەسەر بنەمای ئارەزووەكانی خۆی دروستبكات، بەڵام هەموو پێدراوەكان روو لەوەن كە عیراقی سەدر، بەئاسانی دروست نابێت و رێگرییەكانی زۆرن. 

كینەی سیاسی لەبری پرۆژە 
پێش ئەوەی پرۆژەی سیاسی و بەرنامەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق ببێتە كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەربژێری سەرۆك كۆماری عیراق بووەتە كێشە لەنێوانیاندا و هەریەكەیان ڤیتۆ لەسەر بەربژێرەكەی تر دادەنێت و ئەوەش كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراقی قورستر كردووە. 

پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆی لەسەر د.بەرهەم ساڵح، بەربژێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داناوە، نەك هەر ئەوە وەكو پلانی دووەم لە ئەگەری نەگۆڕینی بەربژێرەكەی یەكێتیدا، ئەوا دەیەوێت هۆشیار زێباری بە هاوكاری سەدر و سوننەكان بكاتە سەرۆك كۆماری عیراق. 

موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەوەی چەندین گفتوگۆی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندا كردووە، بەڵام سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، هەروەها بە ڕوونی ئەوەی وتووە؛ بە هیچ شێوەیەك نوری مالیكی قبووڵ ناكەن، بەشداریی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق و هاوپەیمانی لەگەڵدا ناكەن. سەرەڕای فشاری زۆری ئێرانییەكان و ناوبژیوانی هادی عامری و چەندین كەسایەتیی دیكە.  

كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران؟ 
دیوەی دووەمی ململانێكە لەناوخۆی شیعەكاندایە لەسەر دیاریكردنی بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەگەر چی تائێستا چەندین ناو باسیان لێوە دەكرێت، بەڵام لایەنەكان لەسەر یەكێك لەو كەسایەتییانە كۆك نین.  چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەیانەوێت حەیدەر عەبادی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق، سەدرییەكان و بەشێك لە شیعەكانی دیكە، پارتی دیموكراتی كوردستان دژی حەیدەر عەبادین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق.  مستەفا كازمی یەكێكی دیكەیە لە بەربژێرەكانی پۆست سەرۆك وەزیران، سەدر تاكو ئێستا هیچ هەڵوێستێكی روونی لەسەر رازی بوون یان رەتكردنەوەی نەخستووەتەڕوو، بەپێی زانیارییەكان یەكێتی و پارتی تاڕادەیەك رازین كازمی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام بەشێوەیەكی رەسمی رایان نەگەیاندووە. 

جەعفەر سەدری ئامۆزای موقتەدا سەدر یەكێكی دیكەیە لە بەربژێرەكان، بەڵام بۆچوونی باو ئەوەیە سەدر لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا ریسك نە بە ئامۆزاكەی و نە بەناوبانگی بنەماڵەكەشییەوە ناكات، بۆیە چانسی جەعفەر سەدر لاوازە.  ئەوەی لە عیراق روودەدات غیابی پرۆژەی سیاسییە، بگرە تەواو كورت بووەتەوە لە زیندووكردنەوەی كینەی سیاسی كە دوور و نزیك نە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی دەكات و نە بۆ داهاتووی عیراقی سوودی دەبێت، بگرە پرۆسەی سیاسیی عیراق دەباتە ناو تونێلێكی تاركی سیاسیی داهاتوو نادیارەوە.

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان