راپۆرت
سەروەت سەوز؛ هونەرمەندە سەوزەکەی سلێمانی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هونەرێکی سەوز و ناخێکی سپی، ماندووی دەستی رۆژگار و کۆڵنەدەر لەبواری کارەکەیدا، بە ڕیشێکی سپییەوە دەردەکەوت، بەڵام رەنگی ڕەش باڵی بەسەر هونەرەکەیدا کێشابوو.
سەروەت سەوز، هونەرمەندی بەناوبانگی شێوەکار، ساڵی 1954 لە سلێمانی لەدایکبووە، ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی بەسەربردووە، ئەو دۆخ و کەشەی لەو گەڕەکەدا هەبووە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسایەتی ئەو داناوە.
بە منداڵی سالار و کەمدوو بووە، لە سلێمانی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو دەکات و دواتر رووی لە بەغدا کردووە، ساڵی 1977 بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواو دەکات ، پاشان دەگەڕێتەوە سلێمانی و چەندین پێشەنگای هونەری دەکاتەوە.
سروشتی کوردستان و ژینگە دڵگیرەکەی، خەیاڵی سەروەت سەوز دەڕفێنن و بەتەواوەتی دیلی جوانییەکانی خۆیانی دەکەن، ئەو لە رێگەی هونەرەکەیەوە دەیویست شوناسی گەلی کورد و دۆخە کۆمەڵایەتییەکەی بخاتە سەر تابلۆکانی.
سەروەت سەوز لە کۆتایی هەشتاکاندا روو لە ئەوروپا دەکات، لەوێ ئاشنا بوو بە شێوازی نوێکانی کاری هونەری شێوەکاری، چیرۆکەکانی ژیانی خۆی دەخستە سەر رووپەڕی تابلۆکانی، دەیویست بە زمانێکی هونەریی سادەی شێوەکاری پەیامەکانی بگەیەنێت.
لەگەڵ کارە هونەرییەکەیدا، لە رێکخراوێکی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین کاریکردووە، سەرەتا لە رێکخراوەکەدا لە بەشی راگەیاندن بووە و دواتریش وەکو مینهەڵگرەوە بەردەوام بووە.
کێشەی گەورەی ئەو لەگەڵ کاتدا بوو، دەیوت کاتەکان زۆر بە خێرایی دەڕۆن و ناتوانم بە تەواوی کارەکانم رێکبخەم، بەهۆی کەمی کاتەوە کەمتر دەیتوانی کاری هونەری بکات، بەڵام هەرگیز کۆڵی لە هونەر نەداوە و بەردەوام بووە لەگەڵی.
رەنگی رەش لە تابلۆکانیدا رەنگێکی زاڵ و باوە، ئەو پێی وابوو رەنگی رەش دەتوانێت گوزارشت لە ئازار و خەمەکانی بکات.
دەگەڕا کاغەز و کارتۆنە دڕاوەکانی کۆدەکردەوە و تابلۆیەکی هونەری لەسەر دەکێشان و بەوەش خاشاکێکی فڕێدراوی دەگۆڕی بۆ داهێنانێکی هونەریی ناوازە.
ئەو هونەرمەندە سەوزە وەکو چۆن ژیانێکی سەیری هەبوو، ئاواش مردنەکەی سەیر و لەناکاو بوو، رۆژی10ی ئازاری 2004 پێشەنگایەکی تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردەوە.
پێشەنگاکە لەسەر شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی بوو، لەکاتی بەڕێوەچوونی پێشەنگاکەدا، ئۆتۆمبێکلێک لێی دەدات و بە سەختی بریندار دەبێت، 18 رۆژ دوای ئەوە و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا، سەروەت سەوز گیانی لەدەستدا.
چیرۆکی ژیانی سەروەت سەوز، چیرۆکی هەڵگەرانە بە چیایەکی سەختی نەهامەتیدا، رۆچوونە بەناو لیتەی خەم و مەینەتیدا، داستانێکە بە پاڵەوانێکی جوامێر و کۆتاییەکی ناخهەژێنەوە.